چیمەنتۆیەكی نوێ بەرهەمهێنرا و كارەبا خەزن دەكات

:: PM:12:00:07/08/2018 ‌

بەگوێرەی توێژینەوەیەكی نوێ، جۆرە چیمەنتۆیەك بەرهەم هێنراوە كە توانای پاشەكەوتكردنی وزەی كارەبای هەیە و بەو جۆرە چیمەنتۆیەش دەكرێ ئەو جۆرە خانووانە بنیات بنرێن كە بە تۆڕی كارەبای گشتی گرێ نەدراون.

یەكێك لە گرنگترین كێشەی زانایان لە بەرهەمهێنانی كارەبا لە خۆر یان هەر سەرچاوەیەكی تر، بریتییە لە پاتری و كۆكردنەوەی وزە بۆ ئەوەی لە كاتی گونجاودا سوود لەو وزەیە وەربگیرێت، بەڵام ئەو پاترییانەی دروست كراون تەمەنێكی درێژخایەنیان نییە و نرخەكەشیان گرانە.

زۆر لەو ماڵانەی كارەباكەیان پشت بە وزەی خۆر یان هەر سەرچاوەیەكی تری بەرهەمهێنانی كارەبا دەبەستێت، كاتێك هیچ ئامێرێك لە ماڵەكە پێ نییە یان خاوەن ماڵەكە لە ماڵەوە نییە، ئەو كارەبایەی بەرهەم دێت بە فیڕۆ دەچێت و لەوانەیە ئەو پاترییەی كە بۆی دانراوە پڕ بێت، بەڵام دیسان پێویستی بەوە هەیە لە شوێنی تر وزەی كارەبا كۆ بكرێتەوە.

"مێهرنیوز" بڵاوی كردەوە كە زانایان هاتوون چیمەنتۆیان لەگەڵ یۆنەكانی پۆتاسیۆم تێكەڵ كردووە و لەو رێیەوە دەیانەوێت سەرجەم باڵەخانەكە بكەن بە پاترییەك بۆ پاشەكەوتكردنی وزە و لە كاتێكدا كە ئاستی داخوازی بە كارەبا لە لایەن ماڵەكە بەرزە، سوود لەو وزە پاشەكەوتكراوە وەردەگیرێت.

ئەگەر ئەمە بە تەواوی سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئیتر پاترییە ئاسایییەكان ئەو رۆڵەی جارانیان نامێنێت.





وشە - سلێمان تاشان