لوپیتیگی سێ داواكاری نوێ پێشكەش بە ریال مەدرید دەكات

:: PM:01:00:13/08/2018 ‌

رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد، جولیان لوپیتیگی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید سێ داواكاری نوێی پێشكەش بە سەرۆكایەتی یانەكەی كردووە.

داواكارییەكانی لوپیتیگی بریتییە لە گرێبەستی سێ یاریزانی نوێ لەم ماوەیەی كە لە گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا ماوە.

راهێنەرە نوێیەكەی یانەی ریال مەدرید داوای كردووە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەر و بەرگریكارێكی نوێ بكەن بەهۆی پێویستی پێیانەوە لە یارییەكانی وەرزی نوێدا.

جگە لەوەش راهێنەرەكە داوای كردووە خیسۆس ڤاییخۆی بەرگریكاری تیپەكەی بەشێوەی خواستن بدەن بە یانەیەكی تر و لە شوێنی ئەویش یاریزانێكی تر بهێنن بەهۆی ئەوەی بەرگریكارەكە تووشی پێكان هاتووە و بەگوێرەی زانیارییەكانیش ماوەی چوار هەفتە لە یاریكردن دادەبڕێ.

لوپیتیگی هەرچەندە بە ئاستی بۆرخا مایۆرالی هێرشبەری تیپەكەی سەرسامە، بەڵام داوای لە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید كردووە هێرشبەرێكی نوێی تریشی بۆ بكڕن.

بڕیارە یانەی ریال مەدرید دووسبەی چوارشەم لە جامی سوپەری ئەوروپا لە شاری تالینی پایەتەختی ئەستۆنیا رووبەڕووی یانە ركابەرەكەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ببێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م