ڕۆژی وەرگرتنی مووچە ڕاگەیەنرا

:: AM:09:12:04/09/2018 ‌
بڕیارە سبەی دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران لە هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەكارییەكان تەواو بوون.

ئەمڕۆ سێشەم چواری ئەیلوول، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون بە "وشە"، سبەی دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات و وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، هاوشێوەی مانگی ڕابردوو مووچەی مانگی حوزەیرانیش بە ئامادەكاری لیستێك لەلایەن گەنجینەكانەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری مووچە دابەش دەكات و لە هەفتەی داهاتوو مووچەی وەزارەتەكانی تر دەدرێت.

ئاماژە دراوە، دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكان لە سەرەتا لەو بڕە پارەیە دەبێت كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆیان دابین دەكات و دواتر بڕی پارەكەی عێراق كە بریتییە لە 317 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن و تەواوی مووچەی مووچەخۆران دابەش دەكرێت.

دوای ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیارە هەموو 15ـی مانگێك تا 19ـی مانگ بڕی 317 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بێتە ناردن و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فرۆشتنی نەوتی خاو بڕە پارەكەی تری دابین بكات.



وشە - رامیار جەواد