سەفین كانەبی لەسەر تێكدانی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری هاتەدەنگ

:: PM:03:56:11/09/2018 ‌

سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) پەیامێكی سەبارەت بە دەنگۆكانی تێكدانی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر بڵاو كردەوە.

كانەبی لە پەیامەكەدا دەڵێت: دیارە لە دوێنێ دووشەمەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە كە گوایە یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەفرۆشرێت و تێک دەدرێت.

هەوەها دەڵێت: من لێرەوە بە هەموو وەرزشوانانی کوردستان رادەگەینم ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و بە هیچ شێوەیە ئێمە رێگە نادەین یاریگەیەك كە شەهید فرەنسۆ هەریری دروستی کردبێت، تێک بدرێت.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان هەروەها دەڵێت: ئەم یاریگەیە وەک قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی هەزاران یاریزانی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەم یاریگەیە وەک رەمزێکی هەولێر و کوردستان دەمێنێتەوە و دەستکاری ناکرێت.

كانەبی گوتیشی: ئەگەر باسیش لە دروستکردنی یاریگەیەکی نێودەوڵەتی نوێ دەکرێت، ئەوا پێویست ناکات لە بەرامبەر تێکدانی ئەم یاریگەیە یاریگەیەکی تر دروست بکرێت، بەڵکو جگە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، شاری هەولێر پێویستی بە چەندان یاریگەی دیکە و هۆڵی وەرزشی تر هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م