كاركردن له‌ چەندان پرۆژەی ستراتیجی هه‌ولێر ده‌ستی پێ كرده‌وه‌

:: PM:01:35:17/09/2018 ‌
پارێزگاری هەولێر دەست پێكردنی چەند پڕۆژەیەك ئاشكرا دەكات و دووپاتیش لەوە كردەوە، كە كارەكانی پرۆژەی ڕێی هەولێر – كۆیە دەستی پێ كردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی ئەیلوول، نەوزاد هادی پارێزگای هەولێر لە كۆنگردەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بەهۆی باش بوونی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان زیادبوونی داهات كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیجی لە هەولێر دەست پێ‌ دەكەنەوە.

پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - كۆیە بەمنزیكانە گرێبەستی لەسەر كراوە و دەست پێ‌ دەكاتەوە ئەمەش وا دەكات خزمەتێكی زۆر بە شوفێران بكات، هەروەها فرەوانكردنی ئەو شەقامەی ئێستە هەیە خراوەتە بواری جێبەجێكردن.

ئاماژەی دا، دەست پێ‌ كردنی شەقامی 150 مەتری لەسەر شەقامی بەحركە بۆ شەقامی شەقڵاوە و بۆ شەقامی كەسنەزان واژووی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی بۆ كراوە لە كۆتایی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێ‌ بەجێكردنەوە.

چاكردن و كۆنكرێت و قیرتاوكردنی چەند گەڕەكێكی نوێی شارۆكەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكرنەوە و شارەوانی لەم ڕۆژانە لەلایەن پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندرا.

بەهۆی باشتربوونی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەستی پێ‌ كردۆتەوە بە تایبەتی لە شاری هەولێر كە چەندان پڕۆژەی گرنگ چۆتە بواری جێ‌ بەجێكردن.



وشە - رامیار جەواد