لە چوار ساڵی رابردوودا 502 حوكمدراو لە دهۆك ئازاد كراون

:: PM:01:57:19/09/2018 ‌


بەڕێوەبەرایەتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە پارێزگای دهۆك، ئاماری چوار ساڵی رابردووی لێبوردنی گشتیی بۆ حوكمدراوانی گرووخانەی زركای دهۆكی بڵاو كردەوە و بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 502 حوكمدراو ئازاد كراون و  ژمارەیەكی تریش سەرەڕای ئەوەی كە بەر لێبوردن كەوتوون، كەچی ئازاد نەكراون.

دلێر عەبدوڵا بەڕێوەبەری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە پارێزگای دهۆك ، لەسەر پەیچی تایبەتی خۆی ئاماری لێبوردنی گشتی چوار ساڵی رابردووی چاكسازی زركای تایبەت بە گەورانی لە سنووری پارێزگای دهۆك بڵاو كردەوە.

بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 502 كەس كە بەر لێبوردنی گشتی كەوتوون، ئازاد كراون و 179 كەسی تر سەرەڕای ئەوەی كە بەر لێبوردن كەوتوون،  ئازاد نەكراون. هاوكات حەوت كەسیش بەر لێبوردنی گشتی كەوتوون بەڵام دۆسیەكەیان هەڵوەشاوەتەوە.
 
دوای تێپەربوونی هەشت مانگ كاركردن لەسەر لێبوردنی گشتی، دواجار ئەمڕۆ كارەكان تەواو بوون و ئەنجامەكانیش راگەیەنران.

چاكسازی زركا لە شاری دهۆك كە تایبەتە بە گەوران، بە یەكێك لە گەورەترین ناوەندی چاكسازییە لە هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێ و بە تەواوی پێڕەو‌ی لە یاسا و رێسا و رێنوێنییەكانی مافی مرۆڤ لە دنیادا دەكات.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - سلێمان تاشان