ئێران بەردەوامە لە بەرنەدانەوەی ئاوی زێی بچووك

:: PM:02:32:19/09/2018 ‌

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ ڕای دەگەیەنێت، ئێران بەردەوامە لە بەرنەدانەوەی ئاوی زێی بچووك و لە پێناو پیسنەبوونی ئەو بڕە ئاوەشی كە ماوە، چەند هەنگاوێكیان گرتووەتەبەر.

محەمەد حەسەن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ”ئێران بە چەند قۆناغێك ئاوی زێی بچووكی وشك كرد كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی سنووری پشدەر بوو، بۆیە ئێستە لە هەوڵداین كاریگەرییەكانی ئەو گرفتە كەم بكەینەوه لە دەڤەرەكە".

ئەوەشی خستەڕوو ‌‌‌كە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك كاریگەری تەواوی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ماسی و ئاژەڵداری سنوورەكە كردووە، بەڵام بەهۆی ئەو بڕە ئاوەی كە لە گوندێكی سنووری پشدەر دێتەوە ناو زێیەكەوە، بەشی ئاوی خواردنەوەی لێ كۆ دەكەینەوە".

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ ئاماژەی بەوەش كرد،  بەهۆی كەمی ئەو ئاوەی دێتە ناو پڕۆژەی دابەشكردنی ئاوەكە، مەترسی پیسبوونی ئاوەكە دەكرێت، بۆیە تەواوی غەسالەكانی چەو و لم و ئاژەڵدارەكانی سەرەوەی پڕۆژەكەیان ئاگادار كردووەتەوە كە بۆ پاراستنی ئاوەكە لە پیسبوون غەسالە و ئاژەڵەكانیان لەو شوێنە دوور بخەنەوە ".

ڕاپەڕین/ شادان بەكر



وشە - سلێمان تاشان