لوپیتیگی یەكەم سەركەوتنی لە ركابەرییەكانی ئەوروپا بۆ ریال مەدرید تۆمار كرد

:: AM:09:30:20/09/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەسەركردایەتی راهێنەرە نوێیەكەی جولین لوپیتیگی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی رۆمای ئیتاڵی تۆمار كرد.

شەوی رابردوو لە دووەم رۆژی ركابەرییەكانی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە قۆناغی كۆمەڵەكان یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی رۆمای بردەوە.

یانەی ریال مەدرید كە پاڵەوانی 3 وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە، ئەمە یەكەم بەشداری و سەركەوتنە لەگەڵ راهێنەرە نوێیەكەی لوپیتیگی بەدەستی دێنێ دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە یاریی چوارەمی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو بە 2 گۆڵ یەكسان ببوو.

گۆڵەكانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن یاریزانان ئیسكۆ لە خولەكی 45ی گێمی یەكەم، گاریس بێڵ لە خولەكی 58 و ماریانۆ دیاز لە كاتی زیادكراوی گێمی دووەمدا هاتنە تۆماركردن.

بەم سەركەوتنە یانەی ریال مەدرید بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ ریزبەندی یەكەمی یانەكانی كۆمەڵەی حەوتەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای گرتەدەست دوای ئەوەی هەر لەم كۆمەڵەیەدا شەوی رابردوو هەردوو یانەی ڤیكتۆریا بلزنی چیكی و سیسكا مۆسكۆی رووسی بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ یەكسان ببوون.

شەوی رابردوو هەر لە گەڕی یەكەمی ركابەرییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

ئەیاكس ئەمستەردام 3-0 ئایك ئەسینا

شاختار دۆنیتسك 2-2 هۆڤنهایم

بەنفیكا 0-2 بایرن میونشن

مانچستەر سیتی 1-2 لیۆن

ڤالێنسیا 0-2 یۆڤێنتۆس

یۆنگ بۆیز 0-3 مانچستەر یونایتد




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م