خاتوو وه‌زیره محه‌مه‌د كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ په‌رله‌مان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا نیگه‌رانی خۆی پێشان دا له نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و هه‌لی كار و زۆربوونی رێژه‌ی بێكاری له شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، له كاتێكدا ناوچه‌یه‌كی له‌باره بۆ گه‌شتیاری و دووپاتی ده‌كاته‌وه كه هه‌وڵه‌كانی له‌و رووه‌وه ده‌خاته گه‌ڕ.
وه‌زیره كه خۆی مامۆستای ئاماده‌یییه، به‌ڵێن ده‌دات به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بایه‌خ به كه‌رتی په‌روه‌رده بدات به‌تایبه‌ت قوتابخانه حكوومییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان.
ئه‌گه‌ر متمانه‌ی ده‌نگده‌رانتان به‌ده‌ست هێنا به‌رنامه‌تان چییه؟
پاش پێدانی متمانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به كاندیدكردنم، به‌ڵێن ده‌ده‌م به ده‌رچوونم بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی تۆكمهم هه‌یه بۆ خزمه‌تكردنی ژن وه‌ك نیوه‌ی كۆمه‌ڵ، چونكه خۆم پێشتریش له ریزی یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستاندا كارم كردووه، باشكردنی ژیانی ژن به رێدان به هاتنه پێشه‌وه‌یان له بواره جیاجیاكاندا، یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكارییه له‌ناو ژن‌دا، چونكه به‌هۆی داونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر له ژنان له ماڵه‌وه‌دان.
ئه‌ی بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده چی ده‌كه‌ن به تایبه‌ت كه خۆت مامۆستای؟
زۆر نیگه‌رانم له بێ بایه‌خبوونی قوتابخانه حكوومییه‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنی قوتابخانه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت، بۆیه به‌رنامه‌ی گونجاوم ده‌بێ بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی حكوومی، كاری رژد ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێی بایه‌خی زیاتر به ناوه‌نده‌كانی خوێندن و دابینكردنی كتێبخانه له قوتابخانه‌كاندا، ئاستی رۆشنبیریی قوتابی به‌رز بكه‌ینه‌وه.
ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌پێی پێویست بایه‌خی داوه به كاندیدكردنی ژن بۆ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان؟
به‌ڵێ به خۆشحاڵییه‌وه پارتی له رێی لیژنه ناوچه و لقه‌كانه‌وه، به‌فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی هه‌لی باشی ره‌خساند بۆ خۆكاندیكردنی ژنان بۆ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، لای خۆمه‌وه سوپاسی بێ پایانم ئاراسته‌ی لقی 22ی گه‌رمیان و لیژنه‌ی ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كه‌م وه‌ك ژنێك كاندید كراوم، به‌هۆی پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیم له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌كانی پارتییه‌وه، چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ده‌نگمان له ده‌ربه‌ندیخان و شاره‌كانی تر زیاد بكات.
ئێوه خه‌ڵكی شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخانن كه ناوچه‌یه‌كی دڵڕفێنه، به‌ڵام هیچ كاری گه‌شتیاریی تێدا نه‌كراوه، پڕۆژه‌ی تایبه‌تت چییه بۆ شارۆكهكهت ئه‌گه‌ر گه‌یشتی به په‌رله‌مان؟
ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌كه و سروشته جوانه‌كه‌ی كه رووباری به ته‌نیشتدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ده‌وروپشتی به شاخ گیراوه، ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیارییه، به‌ڵام به‌رپرسانی ناوچه‌كه به‌داخه‌وه بایه‌خیان پێ نه‌داوه، بۆیه ئامانجی سه‌ره‌كیم ئه‌وه‌یه ده‌ربه‌ندیخان بكه‌م به شارۆكه‌یه‌كی گه‌شتیاری، ئه‌وه‌ش به‌دوو مه‌به‌ست، یه‌كه‌م بۆ جوان هێشتنه‌وه‌ی شارۆكه‌كه و دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی به راكێشانی گه‌شتیار، ئیتر له‌رێی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه بێ یان گشتی، ئه‌وكات هه‌لی باشی كاركردن بۆ هاووڵاتییان ده‌ڕه‌خسێنین.
شارۆكه‌كه چیی تری پێویسته؟
پیسی ئاوی خواردنه‌وه‌ی دانیشتووانی ده‌ربه‌ندیخان هه‌ر له سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه تا ده‌گات به ماڵان، بووه‌ته هۆی نیگه‌رانی و بێزاركردنی هاووڵاتییان، هه‌رچه‌ند پلانی حكوومی له ئارادایه، به‌ڵام زۆر لاوازه، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م ئاوی پاك بۆ خه‌ڵكی شارۆكه‌كه دابین بكرێ و هه‌موو گوشارێك ده‌خه‌مه گه‌ڕ بۆ په‌له‌كردن له پڕۆژه‌ی پاڵاوتنی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان.
هه‌روه‌ها شارۆكه‌كه‌مان ساڵانێكه له نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای سلێمانیدا گیری خواردبوو و یه‌كلا نه‌ده‌كرایه‌وه سه‌ربه كامیانه، به‌ڵام كه به فه‌رمی خرایه سه‌ر سلێمانی، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری رووی له كه‌می كرد، هه‌رچه‌ند به‌هۆی بچووكی شارۆكه‌كه‌وه ده‌توانرێ خزمه‌تی به‌رچاو بكرێ. كه‌واته ده‌ربه‌ندیخان كێشه‌ی به‌رچاوی هه‌یه و ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، چونكه خه‌ڵكی كوردستان شایانی باشترین خزمه‌ت و گرنگی پێدانه.
ده‌ربه‌ندیخان یه‌كێكه له‌و شارۆكانهی ساڵانێكه بووه‌ته پێشه‌نگی كۆچ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هۆی ئه‌مه چییه؟
هۆی كۆچی به لێشاوی گه‌نجان له ساڵانی رابردوودا به‌هۆی نه‌بوونی كار بوو له‌و شارۆكه‌یه، چونكه نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری وای كرد كار نه‌بێت، بۆیه كۆچی به لێشاوی گه‌نجان كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌یره‌بوونی كچانیشی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌داخه‌وه ئێسته‌یش كۆچی گه‌نجان به‌رده‌وامه و هه‌ندێك گه‌نج ئێسته‌یش پاش پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان كۆچ ده‌كه‌ن.
وشه/ دیمانه- سه‌بری هۆرێنی