كورتهێنانی بودجەی ئەمەریكا گەیشتە 779 ملیار دۆلار

:: PM:12:12:17/10/2018 ‌

ئامارەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئەوە دەسەلمێنن كە بودجەی ئەمەریكا تووشی كورتهێنانی زیاتر بووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا.

ئەو یاسایەی كۆماریخوازەكانی ئەمەریكا بۆ كەمكردنەوەی باج دەریان كردبوو، بووەتە هۆی كەمبوونەوەی داهاتی حكوومەتی ئەمەریكا و لە لایەكی تریشەوە خەرجییەكان بەرز بوونەتەوە و وایان كردووە كورتهێنانی بودجە لە ساڵی 2018 بگاتە 779 ملیار دۆلار.

بەرزبوونەوەی كورتهێنانی بودجەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە كە ساڵی رابردوو بڕی كورتهێنانی بودجە زۆر كەمتر بوو. بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی كورتهێنان 17% زیادی كردووە كە دەكاتە 113 ملیار دۆلار، ئەمەش دەری دەخات كورتهێنانی بودجە لە ساڵی 2017دا شتێك لە سەرووی 660 ملیار دۆلار بووە.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" ئێستە كورتهێنانی بودجەی ئەمەریكا بەراورد بە كۆی داهاتی نەپاڵاوتووی ئەمەریكا 3,9٪یە. بەرزكردنەوەی رێژەی سوود و پێدانی بڕە زیاتری پارە بە بانكەكان بۆ مەبەستی قەرز لە لایەك و دابەزاندنی باج لە لایەكی تر لە گرنگترین هۆكارەكانی زیادبوونی كورتهێنانی بودجەی ئەمەریكا هەژمار دەكرێن.



وشە - سلێمان تاشان