ناسڕ خەلیفی بە مەرج ئامادەیە نیمار بفرۆشێ

:: AM:11:48:18/10/2018 ‌

ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئامادەیی خۆی لەسەر فرۆشتنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی نیشانداوە، بەڵام بە مەرجێك.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا دوێنێ چوارشەم بڵاویان كردەوە كە نیمار پەشیمانە ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشتووە و ئاواتەخوازە دووبارە بگەڕێتەوە ریزی ئەو یانەیە.

نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو وەك گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمان و خولی فڕەنساوە كرد.

رادیۆی (كادینا سێر)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: نیمار رێككەوتنێكی لەگەڵ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان هەیە سەبارەت بە جێهێشتنی یانەكە لە هاوینی داهاتوودا بە بەهای 220 ملیۆن یۆرۆ.

نیمار هەروەها پێشتر لەگەڵ خەلیفی رێككەوتبوو ئەگەر لە ساڵی 2020 یانەكەی جێبێڵێ نرخەكەی بۆ 200 ملیۆن یۆرۆ دادەزێنن.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە نیمار پێداگیری لە گەڕانەوەی بۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنە كردۆتەوە و لە كۆبوونەوەیەكدا لەبەردەم بەرپرسێكی یانەكە گریاوە و داوای لێ كردوون لێی خۆش بن و رێگەی پێ بدەن جارێكی تر بگەڕێتەوە نێو یاریگەی كامپ نوو.

جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە دوێنێ چوارشەم لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەی كۆببووەوە و پرسی گەڕانەوەی نیماریان بۆ ریزی یانەكەیان تاوتوێ كردبوو، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی هیچ زانیارییەكیان لەمبارەیەوە بڵاو نەكردۆتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م