بۆ دووەم هەفتەی لەدوای یەك نرخی نەوت دابەزی

:: AM:10:01:20/10/2018 ‌


شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسە كۆتایی پێ هات و لە كۆی هەفتەكەش نرخی نەوت بۆ دووەم هەفتەی لەو دوای یەك دابەزی.

بەگویرەی dailyfx دوو هەفتە لەمەوبەر نرخی نەوت تا نزیكەی 87 دۆلار هەڵكشا، بەڵام ماوەیەكە لە دابەزیندایە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 80 دۆلار دەفرۆشرێت. هەفتەی رابردوو دۆلارێك و هەفتەكەی پێشتریش نزیكەی سێ دۆلار لە نرخی نەوت دابەزی.  

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە دابەزین كردووە كە هەمووی نزیكەی دوو هەفتەی ماوە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران دەست پێ بكات.

لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵ بڕیارە ئەمەریكا بە كردەنی رێ لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرێت و بەم كارەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر دابەزێنێت.

تاكە مەترسییەك كە بۆ سەر ئەمەریكا لە ئارادایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە و ئێستەش كە نرخی نەوت دادەبەزێت، هێمایە بۆ ئەوەی ئەمەریكا لە دانوستان و سیاسەتە ناوچەیییەكان بۆ پرسی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان سەركەوتوو بووە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئەمەریكا سوورتر دەبێت لەسەر سەپاندنی سزا قورسەكە لە دژی ئێران.

ئێران هەموو هەوڵێكی ئەوەیە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و بەم كارەش قەرەبووی كەمیی هەناردەی نەوتەكەی بكرێتەوە. بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئیڕان لە چەند رۆژی رابردوودا باسی لەوە كرد كە هیچ وڵاتێك ناتوانێ قەرەبووی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان بكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان