دواى ساڵێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌گه‌رچی په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه دوو لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ی جیاوازیان پێكهێنا، به‌ڵام فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه ده‌ڵێ "كه‌سیان نه‌بینیوه سه‌ردانیان بكات و لێیان بپرسێته‌وه كه ئه‌و رۆژه چی رووی دا".
عەقید هێمن حه‌سه‌ن ساڵح ئاغا فەرماندەی لیوای دووی وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه، له‌و دیمانه تایبه‌ته له‌گه‌ڵ "وشه"دا، باسی شه‌وی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێ "یه‌كه‌م ته‌قه له میحوه‌ری چوار كراوه و تا به‌ره‌به‌یان شه‌ڕیان كردووه، دواتر زانیویانه سوپا و حه‌شدی شه‌عبی گه‌یشتوونه‌ته ناو كه‌ركووك، خه‌ڵك پێوه‌ندییان پێوه كردوون. ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا "خه‌ڵكی كه‌ركووك شاهێدی ده‌ده‌ن كه ته‌نیا ئێمه شه‌ڕمان كردووه".
وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ی ، ئه‌و شه‌وه‌ى هێرش كرایه سه‌ر كه‌ركووك و له میحوه‌ری چوار بوون، چی رووی دا؟
به دروستی سه‌عات 12:47 یه‌كه‌م ته‌قه‌ی شه‌ڕ له میحوه‌ری ئێمه و میحوه‌ری چوار رووی دا، ئێمه وه‌ك لیوای یه‌كی سه‌ر به وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه پێش شه‌ڕه‌كه پێوه‌ندیمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و ئه‌و فه‌رمانی پێ كردین كه شه‌ڕ بكه‌ین، ئێمه‌یش پابه‌ندی بڕیاری سه‌رۆك بووین و شه‌ڕمان كرد تا سه‌عات حه‌وتى به‌یانی، تاكه لیوا بووین بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیمان نه‌شكاند و جێبه‌جێمان كرد.
له میحوه‌ری ئێمه كه ژماره‌مان سه‌رووی هه‌زار و 500 پێشمه‌رگه ده‌بوو، لیوای یه‌ك، لیوایه‌كی تێكه‌ڵه له پێشمه‌رگه و پارتى و یه‌كێتى، به‌ڵام بێ جیاوازی شه‌ڕمان كرد، پێشمه‌رگه‌ی پارتى و یه‌كێتى به‌یه‌كه‌وه شه‌هید بوون و بریندار بوون، به‌ڵام هێزه‌كانى حه‌شد و سوپاى عێراقی نه‌یانتوانی پێشڕه‌وی بكه‌ن، له‌و شه‌ڕه‌دا چوار شه‌هید و 13 بریندارمان هه‌بوون، دوو باجه‌ر و هه‌مه‌ڕێكمان سووتا، ئێمه‌ش توانیمان دوو هه‌مه‌ڕی ئه‌وان بگرین، به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى له بێته‌لی ئه‌وان گوێبیستى ده‌بووین، ئه‌وانیش كوژراو و برینداریان هه‌بوو، به‌ڵام نازانین ژماره‌كه‌یان چه‌ند بوو.
ئیتر سه‌عات حه‌وتى به‌یانی پاش ئه‌وه‌ى له چه‌ندان لاوه پێوه‌ندیمان پێوه كرا كه كه‌ركووك گیراوه و سوپا و حه‌شد له میحوه‌ری چوار به‌لای كه‌یوان و مه‌كته‌ب خالید رێ‌یان بۆ چۆڵ كراوه و گه‌یشتوونه‌ته ناو كه‌ركووك، ئه‌وان له هه‌وڵدا بوون له‌لای له‌یلانه‌وه پشتى ئێمه بگرن، به‌ڵام زوو فریا كه‌وتین و توانیمان به رێی له‌یلان و له‌وێوه له رێى خاڵه بازیانی به‌ره‌و قه‌ره‌هه‌نجیر بكشێینه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر زوو فریا نه‌كه‌وتینایه، ئه‌وا له پشت و پێش لێیان ده‌داین.
كه كشانه‌وه و كه‌ركووكتان جێهێشت، چ دیمه‌نێك زیاتر هه‌ژاندنی و له بیرت ناچێته‌وه؟
حه‌سره‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له شه‌قامه‌كان ئێمه‌یان بینى، ئه‌گه‌رچی كاته‌كه زوو بوو، به‌ناو شاریش نه‌ڕۆیشتین، به‌ڵام خه‌ڵكانێك ئێمه‌یان هه‌ر بینى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان ده‌یانزانی تاكه لیوا بووین شه‌ڕمان كردووه و شه‌هید و برینداریشمان داوه، به‌ڕێزه‌وه له ئێمه‌یان ده‌ڕوانی و ئێسته‌یش كه‌ركووكییه‌كان هه‌موویان شاهێدی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ته‌نیا ئێمه بووین به‌رگریمان له‌و شاره كرد.
نه‌تانزانی بۆ میحوه‌ری پێنج كشاوه‌ته‌وه و چۆڵی كردووه؟
تا سه‌عات سێی شه‌و پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ میحوه‌ری پێنج هه‌بوو، به‌ڵام ئیتر وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه‌كانی ئێمه‌یان نه‌ده‌دایه‌وه، تا به‌ره‌به‌یان خه‌ڵكی كه‌ركووك پێوه‌ندییان پێوه ده‌كردین كه كه‌ركووك گیراوه و سوپا و حه‌شد گه‌یشتوونه‌ته كه‌ركووك. بێگومان ئه‌وان به قسه‌ى سه‌ركردایه‌تیى حزبه‌كه‌یان كشانه‌وه، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن رێككه‌وتن له نێوانیاندا هه‌بووه.
كه‌واته مه‌به‌ستته بڵێی خیانه‌ت له خوێنی پێشمه‌رگه نییه، به‌ڵكو ئه‌وه سیاسییه‌كانن خیانه‌ت ده‌كه‌ن؟
بێگومان خیانه‌ت له خوێنى پێشمه‌رگه نییه، پێشمه‌رگه فه‌رمان جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه سیاسییه‌كانن بڕیاره‌كه ده‌ده‌ن، پێشمه‌رگه‌ش ماڵ و منداڵیان له شاره‌كانن كه سیاسییه‌كان ده‌پارێزن، بۆیه پێشمه‌رگه له ترسی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و پاراستنى گیانى كه‌سوكاری، ناچاره بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكات. ئه‌گه‌رنا پێشمه‌رگه خیانه‌ت ناكات و به‌ره‌ی جه‌نگ جێ ناهێڵێت، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه پارتى بێت یان یه‌كێتی، به‌ڵام كاتێك ده‌ستوه‌ردانى سیاسی له كاروباری سه‌ربازی ده‌كرێت، خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
كه‌واته ده‌ته‌وێ بڵێی خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ری تر دووباره ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له ده‌ستوه‌ردانی سیاسی دوور نه‌خرێنه‌وه؟
بێگومان دووباره ده‌بێته‌وه. بۆیه پێویسته هێزی پێشمه‌رگه سه‌ربه وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بێت و دوور بێت له ده‌ستوه‌ردانى حزبی و سیاسی.
له ماوه‌ى ساڵى رابردوودا چی كراوه بۆ رێگریكردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌رێكی تر؟
هیچ نه‌كراوه و دۆخه‌كه وه‌ك خۆیه‌تى.
وه‌ك ده‌بینین هه‌ندێك كه‌س پرسی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌ر تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌كرایه، 16ی ئۆكتۆبه‌ر رووی نه‌ده‌دا، وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌و به‌یه‌كه‌وه گرێدانه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌یه‌كه‌وه نییه، ئه‌وانه‌یشی به‌یه‌كه‌وه گرێی ده‌ده‌ن ده‌یانه‌وێ له‌و رێیه‌وه پاساوێك بۆ خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ر دابتاشن. ئه‌گه‌رنا خۆیشیان له‌و خیانه‌ته‌ی كردیان په‌شیمانن، ئه‌وان رێككه‌وتنیان بۆ ئه‌وه نه‌كرد ئه‌وه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه، به‌ڵكو رێككه‌وتنه‌كه‌یان وه‌ها بوو به‌شێك له هێزه‌كه بێن بۆ كه‌ی وه‌ن، به‌ڵام حه‌شد و ئه‌وانی تر بۆ ناو كه‌ركووك هاتن و زیاتریش هێرشیان كرد، ته‌نانه‌ت به ئاراسته‌ى هه‌ولێریش هاتن، وه‌ك بینیتان له پردێ هێزی پێشمه‌رگه چۆن به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه و داستانێكی مێژوویییان تۆمار كرد.
ئه‌وان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن رێككه‌وتنیان بۆ ئه‌وه كرد ته‌واوی پۆسته‌كانی كه‌ركووك بدرێت به یه‌كێتی، هه‌ر له پارێزگاره‌وه تا ده‌گات به به‌رپرسی هه‌موو فه‌رمانگه‌كان، به‌ڵام ئێسته پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه.
پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر، شێخ جه‌عفه‌ر و وه‌ستا ره‌سووڵ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان گرێ دا، رایان گه‌یاند كه سوپاى عێراقی مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشه‌ى ئه‌وان بچێت بۆ كه‌ركووك، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بینیمان پێچه‌وانه بوو، ئه‌و دوو دیمه‌نه چۆن ده‌خوێننه‌وه؟
باشتره خۆیان وه‌ڵام بده‌نه‌وه، به‌ڵام وه‌ك روونه ده‌ستوه‌ردانى سیاسی هۆی خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ره كه به‌شێك له سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى لێی به‌رپرسن نه‌ك هه‌موو یه‌كێتى. له‌ناو یه‌كێتیش كه‌سانى شۆڕشگێڕی وه‌ك لیوا مه‌نسوور هه‌یه كه له‌گه‌ڵ نه‌قیبێكی پێشمه‌رگه‌ی پارتى له یه‌ك سه‌نگه‌ردا به‌یه‌كه‌وه شه‌هید بوون، ته‌نانه‌ت هه‌ر له لیواكه‌ى ئێمه له شه‌ڕی دژ به داعش، 25 شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و 30ی پارتى هه‌ن، به‌یه‌كه‌وه خوێنی داعشمان رژاند و به‌یه‌كیشه‌وه خوێنمان لێ ڕژا و له یه‌ك سه‌نگه‌ر شه‌هید و بریندارمان داوه.
په‌رله‌مانى كوردستان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه دوو لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یان پێكهێنا، تا چه‌ند ئاگاداری و سه‌ردانی ئێوه‌یان كردووه؟
هیچ په‌رله‌مانتارێك به‌ناوی لیژنه‌ى په‌رله‌مانی سه‌ردانی ئێمه‌ی نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یش هه‌روا، به‌پێی یاسای سه‌ربازی بێت، ده‌بێ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت له ماوه‌ى 48 سه‌عات لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو بكات و ئه‌نجامیش بدات به‌ده‌سته‌وه، ئه‌وپه‌ڕی 72 سه‌عات، به‌ڵام تا ئێسته هیچ دیار نییه.