پەیكەرێك بۆ مارف خەزنەدار دروست كرا

:: AM:08:58:24/10/2018 ‌
پەیكەرێك بۆ پڕۆفیسۆری كۆچكردووی كورد مارف خەزنەدار دروست كراوە و سبەی لە ڕۆژی كۆچی دواییدا پەردە لەسەر پەیكەرەكە لادەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی تشرینی یەكەم، بەپێی بانگێشتنامەیەكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووە، ئەمرۆ سەعات ۱٠ لە مۆزەخانەی پەروەردەیی بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە پەردە لەسەر پەیكەری پڕۆفیسۆر مارف خەزنەدار ئەنجام دەدرێت

مارف خەزنەدار ناوی تەواوی  مارف عەبدولقادر مارف ئەحمەد ئاغا رەسووڵ ئاغای خەزنەدار-ە، لە 1-11-1930 لە شاری هەولێر لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری هەولێر و ئامادەیی لە شاری كەركووك تەواو كردووە، بنەماڵەكەیان خەڵكی سلێمانییە و دوای جەنگی جیهانیی یەكەم چوونەتە هەولێر.
 
ساڵی 1952 دەبێتە مامۆستای سەرەتایی و پاشان دەبێتە فەرمانبەر بەپلەی نووسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئەوكاتە، تا ساڵی 1957 و ساڵی 1957 خوێندنی زانكۆی تەواو كرد لە كۆلێژی ئاداب لە بەغدا و بەكالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی بەدەستهێناو بووە مامۆستای زمانی عەرەبی.

خەزنەدار  لە ئاداری 1960 پێوەندیی بە"البعصە العلمیە العراقیە" كرد و بۆ ماوەی نۆ مانگ بوو بەخوێندكار لە مۆسكۆ، پاشان لەشاری سانت پترسبۆرگ نیشتەجێ بوو بووە خوێندكاری خوێندنی باڵا لەبەشی لێكۆڵینەوەی كوردی لە پەیمانگەی دیراساتی رۆژهەڵات سەر بەئەكادیمیای زانستی رووسیا و بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێنا، لە كۆلێژی رۆژهەڵات لە زانكۆی سانت پترسبۆرگ بڕوانامەی دكتۆرای بەكۆی دەنگی لیژنەی گفتوگۆ بەدەستهێنا لە ساڵی 1963. 

پڕۆفیسۆر مارف ساڵی 1968 بووە مامۆستا لە بەشی كوردی زانكۆی بەغدا و بەسەرۆكی ئەو بەشە هاتە هەڵبژاردن، تیایدا بەردەوام بوو تا خانەنشینبوونی لە ساڵی 1981دا. لە 1973دا ناونیشانی مامۆستای یاریدەدەری وەرگرت و لە 1979دا ناونیشانی مامۆستای بەپلەی پڕۆفیسۆر وەرگرت و ساڵی 1973 بەشی كوردیی لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی بەغدا دامەزراند. 

لە بوار كاری میدیایی وەك نووسەر و سەرنووسەر لە چەند گۆڤار و رۆژنامەیەكدا كاری كردووە، 32 كتێبی چاپكراوی هەیە لە نووسین و وەرگێڕان و لێكۆڵینەوەو بواری خوێندن، لە گرنگترین ئەو چاپكراوانە مێژووی ئەدەبی كوردییە كە لە حەوت بەرگ پێكهاتووە و لە 25-10-2010 لە هەولێر بە نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایی كرد.



وشە - رامیار جەواد