بازاڕێكی نوێی ئۆنلاین لە كوردستان ركابەریی بازاڕی ئاسایی دەكات

:: AM:08:49:19/11/2018 ‌
لە ماڵەكەی خۆیاندا بوونەتە خاوەن ماركێت و بازرگان

لە كوردستان بازاڕێكی نوێ سەری هەڵداوە كە تەنیا لە رێی پەیجەكانەوە بەرهەمەكانی ساغ دەكاتەوە و بە نرخێكی زۆر كەمتر لە بازاڕ كەرەستە رادەستی كڕیار دەكات. ئەو بازاڕە دەرفەتی نوێی كاری بە خەڵكێكی زۆر رەخساندووە.

ئەو بازاڕە نوێیە خەریكە رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە دەكات بێ ئەوەی هیچ شوێنێكی دیاریكراوی لە جیۆگرافیادا داگیر كردبێت جگە لە فەیسبووك و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتین، بەرهەمەكانی لە هیچ شوێنێك ناخرێنەڕوو.

لە دووكان و ماركێتی ئاسایی سەرەتا دووكانەكە لە شوێنێكی دیاریكراو دەكرێتەوە. ئەو شوێنە دەتوانێ لە ناوەندی شار یان مۆڵێك بێت. دووكانەكە تا لە قەرەباڵغی و بازاڕە سەرەكییەكان نزیكتر بێت، بازاڕەكەیشی خۆشترە و تەنانەت ئەگەر موڵكەكە هی خاوەنەكەی نەبێت، ئەوا دەبێ كرێیش بدرێت.

كرێی هەندێك لە دووكانەكان لە سەنتەری بازاڕە بەناوبانگەكان دەگاتە نزیكەی دوو هەزار دۆلار و دواجار خاوەن دووكان ئەو كرێیەش دەخاتە سەر نرخی جلوبەرگەكەی بۆ ئەوەی قازانجێكی بۆ بمێنێتەوە، هەندێك جاریش زیان دەكات و دووكانەكەی كۆ دەكاتەوە. بازاڕی ئەم جۆرە دووكانانە هەر بەشێوەی كلاسیكە و دەبێ دووكاندار چاوەڕێ بكات رێبوارێك بێتە دووكانەكەی و شتێك بكڕێ و زۆر جار بێ ئەوەی هیچ شتێك بكڕێت، دووكانەكە بەجێ دەهێڵێت.

بەڵام لەم بازاڕە نوێیە هیچ بڕە پارەیەك لە بری كرێ نادرێت و گرنگییەكەی لەوەدایە هەموو كەسێك دەتوانێ ئەو بازاڕە بكاتەوە.
لەوانەیە زۆر كەس ئارەزوو بكات لە ناوەندی بازاڕی هەولێر دووكانێكی هەبێت جلوبەرگ، پێڵاو یان هەر پێداویستییەكی تری تێدا بفرۆشێت. ئەم بازاڕە نوێیە ئارەزووەكەی لە شێوازێكی تردا بەدی هێناوە و تەنیا ئەوە گرنگە كەسەكە دەستمایەیەكی هەبێت، بزانێ چی دەفرۆشێت و چۆن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرهەمەكەی بخاتەڕوو.

بازاڕەكە دەرفەتێكی نوێی كارە بۆ هەموو كەسێك، هاووڵاتی لە كونجێكی ماڵەكەی دەتوانێ كەلوپەلەكان دابنێت و لە فەیسبووك یان ئینستاگرام پەیجێك بكاتەوە و رێكلام بۆ بەرهەمەكانی بكات. لێرەدا ئەوەی رۆڵی دووكان یان ماركێتەكە دەبینێت، ئەو وێنانەیە كە لە فەیسبووك بڵاو دەكرێنەوە، تەنیا ماوەتەوە مكانیزمێك دەستنیشان بكرێ بۆ ئەوەی بەرهەمەكە بە سایز و قەبارەی جیاواز وێنەكانیان دابنرێن و نرخەكانیان دەستنیشان بكرێ و دواتر كڕیاران خۆیان دەبن بە هاوڕێی پەیجەكە و داوای بەرهەمی لێ دەكەن.

نەسرین موراد ژنێكی فەرمانبەرە و لە هەولێر دادەنیشێت، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە بەشی زۆری پێداویستییەكانی خۆی هەر لە رێی پەیجەكانەوە دەكڕێت، خۆی ئەو شتە هەڵدەبژێرێت كە بە دڵیەتی و كاتێك داوای دەكات، بۆی دەهێننەوە بەردەرگە.

ئەو دەڵێت "مانتۆیەكی دڵخوازی خۆم بە 35 هەزار دینار كڕی". باسی شێوازی كڕینەكەی دەكات و دەڵێ، "پەیجەكە نووسیبووی ژمارە تەلەفۆن و ئەدرەسێك بدەن و دوای چەند رۆژ بەدەستان دەگات و هەموو سێ رۆژی پێ چوو تەلەفۆنێكم بۆ هات و ئەوەی داوام كردبوو بە تاكسییەك لە بەردەرگەی ماڵەكەم وەرمگرت و هەر لەوێش پارەكەم دا."

ئەو هاووڵاتییە وەك خۆی باسی دەكات بۆ كڕینی هەمان مانتۆ، پێشتر چووەتە بازاڕ و داوای 70 هەزار دیناریان لێ كردووە، كەچی دواجار بە نیوە نرخ لە بەردەرگەی ماڵەكەی هەمان جلكی كڕیوە.

جێی باسە ژمارەی ئەو پەیج و بازاڕانە لە فەیسبووك رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات و لەوانەیە سەدان پەیج هەبێت كە هەندێكیان دەیان هەزار هاوڕێ و فۆڵۆیان هەیە.

شانیا محەمەد یەكێكە لەو خاوەن پەیجانە كە لە فەیسبووك و ئینستاگرام ماركێتێكی بە ناویconles-lady  كردووەتەوە. ئەو بە"وشە" دەڵێت "خۆم لەگەڵ مێردەكەم لە توركیا كەرەستەكان دەكڕین و بە دڵی خۆمان ئەو جۆرە كەرستانە دێنین كە بازاڕیان خۆشە و دواتر وێنەكانیان بڵاو دەكەمەوە."

شانیا سێ مانگە پەیجەكەی دامەزراندووە و ئێستە سەرووی حەوت هەزار فۆڵۆی هەیە. سەرەتا تەنیا لە سلێمانی بە پشتبەستن بە تاكسی كەلوپەلەكانی دەگەیاندە دەستی كڕیار، بەڵام ئێستە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بواری پۆستە هاوكاری هەیە و كاتێك داوای بەرهەمێكی لێ دەكرێت، دەتوانێ بە پۆست نەك بۆ سلێمانی، بەڵكو بۆ هەموو كوردستان و عێراقی بگوازێتەوە.
نرخی گەیاندنی جووتێك پێڵاو بۆ نموونە بۆ هەولێر پێنج هەزار دینار و بۆ ناوخۆی سلێمانی سێ هەزارە و بەگوێرەی دووری و نزیكی گۆڕانكاری بەسەر دێت. 

بۆ ئەوەی ژمارەی كڕیار زیاد بكات، تەنیا ئەوەندە بەسە سپۆنسەرێك بۆ وێنەكە یان رێكلامەكە بكەیت و یەكسەر ژمارەی كڕیارانیش زیاد دەبن.

پەیجێكی تر كە لای خەڵك زۆر ناسراوە و بەتایبەتی ژنان پێداویستیی جلوبەرگی خۆیانی لێ دابین دەكەن و نەسرینیش لە هەمان پەیج مانتۆكەی كڕیبوو، پەیجێكە تایبەت بە حیجاب و رۆژانە خەڵكێكی زۆر پێوەندی پێوە دەكەن. كڕیارەكەی بەرهەمەكانی ئەم پەیجە دەڵێت خۆی دوو دەست جلوبەرگی كڕیوە و ئاگادارە سەرجەم هاوڕێكانیشی داوای جلوبەرگیان لە پەیجەكە كردووە.

بەڕێوەبەری پەیجی "‌حجاب مۆدێرن" بۆ "وشە" گوتی، ڕۆژانە دەیان كەس پرسیار و داواكاریان هەیە بۆ بەرهەمەكانیان و سەرجەم ئەو جلوبەرگانەش كە دەیخەنە ڕوو راستەوخۆ لە دەرەوە هاوردەی دەكەن و بۆ هەموو كوردستانی دەگوازنەوە.

ئەو دەڵێت "هەر چەندە كارمان ئاسان نییە، بەڵام ڕكابەریش هەیە و ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە متمانە دروست بكەین و بەگوێرەی داواكاری  هاووڵاتییان كەرستەكانیان بە ئەمانەتەوە بەدەست بگەیەنین."

ئەمە دەری دەخات دەبێ بازاڕی ئەو پەیجانە زۆر گەرم بێت و لە داهاتوودا لەوانەیە ببێت بە ركابەرێكی سەرەكی بازاڕی ئاسایی كە نە كارەبای پێویستە و نە مۆڵەتی شارەوانی و نە مۆڵەتی بازرگانی، نە باج و هیچ شتێكی تر و نە كرێكاری زیادە، جگەلەمە رێی بڕینی بازاڕیش بۆ هاووڵاتییان كورت دەبێتەوە و بە نرخێكی هەرزان پێداویستییەكانیان دابین دەكەن.



وشە - سلێمان تاشان