دۆناڵد ترەمپ سەردانی عێراق دەكات

:: PM:12:18:19/11/2018 ‌
لە كاتێكدا داوای چوونە دەرەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكرێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، لە بەرنامەیدایە لە داهاتوودا سەردانی عێراق بكات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، پلانی داناوە لە داهاتوودا سەردانی عێراق و ئەفغانستان بكات.

سەرۆكی ئەمەریكا لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی باس لە پلانەكانی خۆی دەكات بۆ داهاتوو، ئاشكرای دەكات كە سەردانی سەربازانی ئەمەریكی لە عێراق و ئەفغانستان دەكات.

لە بارەی كاتی سەردانەكەش، ترەمپ رەتی كردەوە زانیاری زیاتر بدات بە هۆكاری باری تەناهی، تەنانەت باسی لە پلانی سەردانەكەشی نەكرد كە چاوی بە سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عێراق دەكەوێت یان نا.

جێی باسە دۆناڵد ترەمپ دووەمین ساڵی وەك سەرۆك كۆماری ئەمەریكا تەواو كرد، بەڵام تا ئێستە سەردانی عێراقی نەكردووە، بە پێچەوانەوە پێش ئەو هەریەك لە جۆرج بۆشی كوڕ و باراك ئۆباما، وەك سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی عێراقییان كردووە.

سەردانەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە دوای تەواوبوونی شەڕی دژ بە داعش كە ئەمەریكا سەركردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی دەكرد، ئێستە كۆمەڵێك هێزی سیاسی و گرووپی چەكداری میلیشیایی حەشدی شەعبی داوای چوونە دەرەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكەن.

سەردانی سەرۆكەكانی پێش ترەمپ بۆ عێراق، هەردووكیان پێوەندار بووە بە هەبوونی سوپای ئەمەریكا لەم وڵاتە كە لە ساڵی 2003 سەركردایەتی رووخانی رژێمی سەدام حوسێنی كرد.



وشە - فه‌رمان سادق