هه‌فته‌ى داهاتوو مووچەى سێ وەزارەت دابەشدەکرێت

:: AM:10:29:14/12/2018 ‌
وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاند، هه‌فته‌ى داهاتوو دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و ڕۆژى یه‌كشه‌م 16ى كانوونى یه‌كه‌م مووچه‌ى سێ وه‌زاره‌ت دابه‌ش ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، بڕیارە ڕۆژی یەکشەم 16ى كانوونى یه‌كه‌م، مووچەی مانگی ئابی سێ وەزارەتی تر دابەش بکرێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، ڕۆژی یەکشەمى داهاتوو مووچه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و وه‌زاره‌تی داد دابه‌ش ده‌كرێت.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ ڕۆژى 11ى كانوونى یه‌كه‌م ڕابردوو، له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى له‌وه‌ كرده‌وه‌ 30 ڕۆژ جارێك مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران  دابه‌ش ده‌كرێت و چیتر مووچه‌ پاشه‌كه‌وت ناكرێ.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانى هه‌رێمى كوردستان دابینی دەكات، مانگانەیش ئەمەریكا 24 ملیار دینار ڕاستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.


وشە - محەمەد میران