جامی ئاسیا.. عێراق بۆ قۆناغی 16 سەركەوت

:: AM:09:21:13/01/2019 ‌

هەڵبژاردەی عێراق سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی جامی ئاسیای 2019 مسۆگەر كرد دوای ئەوەی دووەم یاریی لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا بەسەركەوتن تەواو كرد.

دوێنێ شەموو هەڵبژاردەی عێراق لە گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكاندا لەنێو یاریگەی یانەی شاریقە رووبەڕووی هەڵبژاردەی یەمەن بووە و بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی لێ بردەوە.

هەڵبژاردەی عێراق لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا توانیبووی 2 گۆڵ تۆمار بكات لەلایەن یاریزانان موهەنەد كازم (میمی) لە خولەكی 11 و بەشار رەسەن لە خولەكی 19، لە گێمی دووەمیشدا لە خولەكی زیادكراو عەلا عەباس گۆڵی سێیەمی هەڵبژاردەكەی تۆمار كردبوو.

هەڵبژاردەی عێراق هەفتەی رابردوو لە یاریی یەكەمیشدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، بەمەش بەكۆكردنەوەی 6 خاڵ سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی جامی ئاسیای 2019 مسۆگەر كرد.

لە یارییەكی تری كۆمەڵەی چوارەمدا دوێنێ شەموو هەڵبژاردەی ئێران بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی ڤێتنامی بردەوە و بەمەش هەڵبژاردەی ئێران بە 6 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق پێشەنگی هەڵبژاردەكانی كۆمەڵەی چوارەمی گرتووە و ئەویش سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر كرد.

هەروەها لە كۆمەڵەی پێنجەمیشدا هەڵبژاردەی سعوودییە دووەم سەركەوتنی خۆی تۆمار كرد و بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی لبنانی بردەوە، بەمەشێوەیە هەڵبژاردەی سعوودییە بە 6 خاڵ سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی جامی ئاسیای 2019 ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:-

سەعات 2ی دوای نیوەڕۆ / كۆریای باكور – قەتەڕ

سەعات 4:30ی سەر لە ئێوارە / عومان – ژاپۆن

سەعات 7ی شەو / توركمانستان – ئۆزباكستان



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م