ناسا هۆشداری لە ناوچوونی ژیان دەدات

:: AM:11:17:14/01/2019 ‌
ناسا هۆشداری دەدات لە بەركەوتنی هەسارۆكە 87 ملیۆن تۆن بە گۆی زەوی و دەڵێ ئەگەر ئەوە رووبدات تەواوی ژیان لەسەر گۆی زەوی دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ دووشەم 14ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، ئاژانسی ئاسمانی ئەمەریكی "ناسا" هۆشداریدا لە بەركەوتنی هەسارۆكەیەكی 87 ملیۆن تۆن بە هەسارەی زەویی، روونی كردەوە هەسارۆكەی "بینۆ" كە بە هەسارۆكەی "رۆژی دوایی" ناسێنراوە ئەگەر بەر گۆی زەوی بكەوێت كە بارستەكەی 87 ملیۆن تۆنە، ئەوا پەرچە كردارەكەی 80 هەزار هێندەی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆم دەبێت كە ساڵی 1945 بەر هیرۆشیمای ژاپۆنی كەوت.
ناسا لە بارەی هەسارۆكەی رۆژی دوایی زانیاری دەدات، ئاماژە بەوە دەكات كە درێژییەكەی دەگاتە 500 پێ، بەو مانایەی بەرزییەكەی زۆر لە باڵەخانەی "ئیمپایەر ستیت" زیاترە و بارستەكەشی هەزار و 664 جار لە بارستەی كەشتی تایتانیك زیاترە.

زانایانی ناسا، دەڵێن ئەگەر ئەو هەسارۆكەیە بەر گۆی زەوی بكەوێت ئەوا ملیۆنان مرۆڤ دەكوژێت، ئەمە جگە لە كاریگەری بەسەر ملیۆنانی تر، بەڵام ئەوەش دەخەنەڕوو كە هێشتا كات ماوە بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی، ئەو رووداوە تا سەدەیەكی تریش ئەگەری هەیە روو نەدات.

زانایانی ناسا كۆكن لەسەر ئەوەی رێژەی بەركەوتنی هەسارۆكەكە بەر هەسارەی زەوی یەك لەسەر 2700 دەبێت و  ئەگەری روودانیشی رەنگە بكەوێتە نێوانی ساڵانی 2175 تا 2199.
 



وشە - فه‌رمان سادق