مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێ‌

:: PM:08:07:15/01/2019 ‌
دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و سبەی چوارشەم مووچەی چەند وەزارەتێكی حكوومەت دابەش دەكرێ.
 
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەكی ناو یەكێك لە گەنجینەكانی هەرێمی كوردستان كە بە "وشە"ی ڕاگەیاندووە، سبەی چوارشەم 16ی كانوونی دووەم، مووچەی مانگی 10ی ساڵی 2018ی فەرمانبەرانی سێ‌ وەزارەت دابەش دەكرێ‌.

سەرچاوەكە گوتی، هەریەكە لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی ئەوقاف سبەی مووچە وەردەگرن و دابەشكردنی مووچەیش تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لە 2018 بەشێوەیەكی رێكخراو حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو 30 رۆژ جارێك مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابەش كردووە، دوای رێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وەرگرتنی 317 ملیار دینار لە بەغدا، بەشێك لەو پاشەكەوت و بڕینەی لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەبوو، كەم كرایەوە و رێكخرا.

چاوەڕوان دەكرێت لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یەكجاری پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵگیردرێت، بەڵام هێشتا روون نەكراوەتەوە هەڵگرتنی پاشەكەوتەكە چۆن دەبێت.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم