ریال مەدرید بەدوای یاریزانێكی تری یانەی مانچستەر سیتییەوەیە

:: PM:01:18:20/01/2019 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پلانی داڕشتووە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی تری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بكات دوای ئەوەی چەند رۆژێك پێش ئێستا ئیبراهیم دیازی لەم یانەیەدا بە 15 ملیۆن یۆرۆ كڕی بوو.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پلانیان داڕشتووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی پورتوگالی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر سیتی.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە سیلڤا دەبێتە هۆی دروستكردنی هەلی زیاتری تۆماركردنی گۆڵ لە هێڵی هێرشبەری تیپەكەیان دوای ئەوەی لەم وەرزەدا ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتیدا پێشكەش كردبوو.

ئەستێرە پورتوگالییەكە ماوەی 3 ساڵی لە گرێبەستەكەیدا لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی ماوە، بەمەش یانەكەی دەبێت لە ئێستاوە كار لەسەر ئەوە بكات گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە بۆ ئەوەی رێ لە یانەی ریال مەدرید بگرێ.

پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەكەن بەشێوەیەكی بەرچاو پشت بە سیلڤای تەمەن 24 ساڵ دەبەستێ و پێیوایە دەبێتە باشترین جێگرەوە بۆ دێڤید سیلڤای ئەستێرەی ئیسپانی كە ئێستا لە تەمەنی 33 ساڵیدایە.

سیلڤا لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 43 ملیۆن پاوەن بوو لە یانەی مۆناكۆی فڕەنسی پەیوەندی بە یانەی مانچستەر سیتییەوە كرد.

بێگومان هەوڵەكانی یانەی ریال مەدریدیش بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم ئەستێرەیە بۆ وەرزی داهاتوو و ماوەی گواستنەوەی هاوینە دەبێت، چونكە یانەكە سەرەڕای ئەوەی ئاست و ئەنجامی ئەم وەرزەی لە خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا وەك پێویست نییە، بەڵام بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێكی تر بەتایبەتیش یاریزانی سوپەر نەكات.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م