ریال مەدرید دووبارە چاوی بڕیوەتە دی خیا

:: AM:10:21:18/03/2019 ‌

دێڤید دی خیای گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دووبارە بۆتەوە جێگەی گرینگیپێدانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید بە فەرمانی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دی خیا لە هاوینی داهاتوودا بڕی 75 ملیۆن یۆرۆی تەرخان كردووە.

دی خیا یەكێكە لەو ناوانەی كە زێدان داوای كردووە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا دووبارە تیپەی یانەی ریال مەدریدی پێ بنیاد بكاتەوە دوای ئەوەی یانەكە لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا سەرجەم ناسناوەكانی لەدەست دا.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە زێدان بە ئاستی تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیكی رازی نییە كە هاوینی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یانەی چێڵسی گرێبەستی لەگەڵ كرد، لەبەر ئەمە بڕیاریداوە جێگرەوەیەكی بۆ بدۆزێتەوە.

زێدان لە یەكەم یاریی یانەی ریال مەدرید دوای گەڕانەوەی لەم هەفتەیەدا بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ لە خولی ئیسپانیا پشتی بە كایلۆر ناڤاس بەست، ئەمە لە كاتێكدابوو كە ئەم گۆڵپارێزە لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا لەسەردەستی هەردوو راهێنەری رابردوو بەتەواوی پشتگوێ خرابوو.

جێی باسە دی خیا ماوەیەكی زۆرە كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد هەیە و تا ئێستا رازی نەبووە گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە كە لە كۆتایی وەرزی داهاتوو كۆتایی دێت، چونكە گۆڵپارێزە ئیسپانییەكە رازی نییە بە مووچەی هەفتانەی 350 هەزار پاوەن بۆ یانەكە یاری بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م