بەركەوتەیەكی تری كیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لە دەست دا

:: PM:02:36:18/03/2019 ‌
هاووڵاتییەكی هەڵەبجە كە بەدەست ئازارەكانی چەكی كیمیایی دەیناڵاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانی لە دەست دا كە جارێك بۆ چارەسەر ڕەوانەی ئێران كرابوو.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئادار، كۆمەڵی قوربانیانی هەڵەبجە بڵاوی كردووەتەوە، هاووڵاتی "كبری عەبدوڵا بارام" یەكێك لە بەركەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لە دەست دا، لە پاش تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەوە ئەو 109 یەمین بەركەوتەیە كە گیان لە دەست دەدات.

هاوكات لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشتر ئەم بەركەوتووەی چەكی كیمیایی لەڕێی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمەوە رەوانەی ئێران كرابوو بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆرە هیچ بەركەوتوویەكی چەكی كیمیایی ڕەوانەی ئێران نەكراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر كاریگەری چەكی كیمیایی لەسەر جەستەیان زیاتر بووە، بۆیە ئەمڕۆ ئەم بەركەوتووەی چەكی كیمیایی لە شاری هەڵەبجە گیانی لە دەست دا.

لە ساڵی 1988 ڕژێمی بەعسی عێراقی هەڵەبجەی بە چەكی كیمیایی بۆردمان كرد و پێنج هەزار هاووڵاتی بوون قوربانی و زیاتر لە هەزاران هاووڵاتی بریندار بوون كە تا ئێستە بەشێكیان بەدەست برینەكان دەناڵێنن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش نەخۆشخانەیەكی تایبەتی بە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی كردووەتەوە و ماوەی 15 ڕۆژە دەستی بەكارەكانی كردووە.



وشە - رامیار جەواد