هەناردەی نەوتی ئێران بۆ نزمترین ئاست دابەزی

:: AM:11:33:23/03/2019 ‌


سەرەڕای ئەوەی كە هێشتا ئەمەریكا لە جێبەجێكردنی سزاكان دژی ئێران بە نەرمی جووڵاوەتەوە و رەچاوی مەترسییەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی كردووە، بەڵام هەناردەی نەوتی ئێران لەم مانگەدا رووی لە كەمی كردووە و بۆ نزمترین ئاستی لەمساڵدا دابەزیوە.

تێكڕای هەناردەی نەوتی ئێران كەمێك سەرووی ملیۆنێك بەرمیلە لە رۆژێكدا و بەگوێرەی دوایین ئاماری دامەزراوەی Refintiv Eikon  كە بەردەوام چاودێری هەناردەی نەوت دەكات،  ئێران لە سەرەتای ئادارەوە رۆژانە لە نێوان ملیۆنێك تا ملیۆنێك و 100 هەزار بەرمیلی هەناردە كردووە.

ئەم دابەزینە لە هەناردەی نەوت لە كاتێكدایە مانگی رابردوو هەناردەی نەوتی ئێران سەرووی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل بووە.

بەر لە كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی ئێران نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد و ئەمەش نیشانی دەدات كە هەناردەی ئێران لەو ماوە كەمەدا بۆ كەمتر لە نیوەی دابەزیوە.

سیاسەتی ئەمەریكا ئەوەیە ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر. بەر لە نەورۆز مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ جارێكی تر پێداگری لە سیاسەتی بە سفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران كرد.

ئەمەریكا لە جێبەجێكردنی ئەم سزایە نەرم و خاو  بووە و هۆكارەكەش ئەوەیە لەپڕ بەرهەمهێنانی نەوت لە دنیا كەم نەكات و نەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. 

لە لایەكی ترەوە برایان هوك بەرپرسی هوبەی تایبەت بە كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كردووە ئیتر ترسی ئەوە نەماوە رێگریكردن لە هەناردەی نەوتی ئێران ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

ئەمەریكا ئێران بە گەورەترین پاڵپشتیكاری تیرۆر هەژمار دەكات و پێی وایە بەشێكی بەرچاو لە گرووپە تیرۆریستییەكانی ناوچەكە و دنیا لەلایەن ئێرانەوە یارمەتی دەدرێن.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" ناوەندی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران پێشبینی كردووە لە ساڵی نوێدا ئابووری ئێران بە رێژەی 5.5% پاشەكشە بكات. ساڵی رابردوو ئێران رێژەی هەڵاوسانی بە 27% دانابوو و پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ هەڵاوسانیش هێندەی تر بەرز ببێتەوە.

ئەم دۆخە گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر خەڵكی ئێران. هەژاریی، بێكاری و گرانیی تەنگی بە خەڵك هەڵچنیوە لەكاتێكدا زەبر و سەركوت و پێشێلكردنی ئازادییەكانیش توندتر لە جاران درێژەی هەیە.

دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە لە نێو وڵاتانی ئۆپێك بە دووەم وڵاتی هەناردەی نەوت لە دوای سعوودیە هەژمار دەكرا.



وشە - سلێمان تاشان