گول و ئۆغڵو لە دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ ناڕازین

:: AM:11:40:09/05/2019 ‌

كاتێك بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی توركیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ درا تەواوی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێیان ناخۆش بوو، بەڵام بڕیارەكە درزی خستووەتە ناو پارتی دەسەڵاتداریش و بەشێك لە كەسایەتییە دیارەكانی ئەو حزبە ناڕازین.

هەر یەك لە ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و عەبدوڵا گول سەرۆك كۆماری پێسووی ئەو وڵاتە كە لە كەسایەتییە كاریگەر و ناسراوەكانی گۆڕەپانی سیاسیی توركیا هەژمار دەكرێن و هێشتا ئەندامی پارتی دەسەڵاتدارن، رەخنە لە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ دەگرن.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" ئەحمەد داود ئۆغڵو لە تویتێكدا نووسیویەتی "بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێچەوانەی یاسا و رێساكانە و ئەمەش زیان بە توركیا دەگەیەنێت. عەبدوڵا گولیش بەداخەوە ئێمە تەنانەت بەرەوپێشیش نەچووین."

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانییەكانی توركیا پارتی داد و گەشەپێدان ئیستانبوڵی بە جەهەپە دۆڕاند و ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو توانی ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام دوای هەولێكی زۆری ئەردۆغان هەڵبژاردنەكە لەو شارە هەڵوەشایەوە.

هاوكات "یۆرۆنیوز" بڵاوی كردەوە  جەهەپە سەرەڕای ئەوەی ناڕەزایی دەربڕیوە لە هەمان كاتدا خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە و گوتوویەتی دیسان لە ئەردۆغانی دەباتەوە.

توركیا كە دەستی بەسەر میدیاكان داگرتووە دەرفەتی بانگەشەی لە میدیا فەرمییەكان زیاترە، بۆیە جەهەپە رووی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە و دەیەوێت لەم رێیەوە بانگەشە بۆ خۆی بكات.

لەم ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە لایەن هەر دوو پارتی رەكابەر بڵاو كراونەتەوە بە رێژەیەكی بەرچاو پێشوازی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوو كراوە.

جێگەی باسە ئەوەی هۆكاری سەرەكی بوو لە بردنەوەی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو دەنگی كورد بوو و هەدەپە داوای لە خەڵك كردبوو دەنگ بە كاندیدی جەهەپە بدەن. لەمدواییەدا ئەردۆغان هەندێك هەنگاوی ناوە و دوای ماوەیەكی درێژ رێی بە پارێزەرانی ئۆجەلان دا سەردانی ئیمراڵی بكەن و ئەم هەنگاوەش لە پێناو ئەوەیە سەرنجی كوردی ئیستانبوڵ بۆ لای خۆی رابكێشێت و تەنانەت ئەگەر بیكاتە دوو ئاراستەی جیاوازیش هێشتا چانسی بردنەوەی خۆی زیاتر كردووە.



وشە - سلێمان تاشان