ئەڵمانیا 260 قاچاخچی دەگرێت

:: PM:06:51:18/05/2019 ‌
پۆلیسی ئەڵمانیا گرتنی 260 قاچاخچی لە ماوەی سێ مانگی رابردوو راگەیاند، گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ، ئەوانەی گیراون نیوەی ژمارەی داواكراوە و كەسانی عێراقیشی تێدان.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئایار، پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانی لە هەرێمی باڤاریا گرتنی 130 قاچاخچیان راگەیاند كە خەڵكی عێراقیشیان تێدا بووە، بە تۆمەتی گواستنەوەی ئاوارە نا یاساییەكان.

تۆماس بوروفیك گوتەبێژی سەرۆكایەتی پۆلیسی فیدڕاڵ گوتی "پۆلیسی فیدڕاڵ زیاتر لە 160 گومان لێكراوی لە ماوەی سێ مانگی رابردوو لە هەرێمی باڤاریا گرتووە، ژمارەكەش زۆر لەوە زیاترە، بەڵام لەو 160 كەسە 130یان پشتڕاست كراونەتەوە كە قاچاخچی بە ئاوارەكان دەكەن".


بەگوێرەی ئامارەكان بێت لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵ سێ هەزار و 400 كەس بە شێوەی نا یاسایی خۆیان گەیاندووەتە ئەڵمانیا، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەكە كەمی كردووە كە چوار هەزار و 170 كەس بووە. هەر بەگوێرەی ئامارەكانی پۆلیس، زۆرینەی پەنابەرەكانی روو لە ئەڵمانیا دەكەن لە عێراق و سڕبیا و توركیا و مۆڵدۆڤیا و ئەفغانستانن.


گوتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانی زیاتر گوتی "ئەو 130 كەسە لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ تەنیا لە هەرێمی باڤاریا گیراون، كە دەكاتە نیوەی هەموو ئەوانەی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا گیراون".


وشە - فه‌رمان سادق