بڕیارێك لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێم دەردەچێت

:: PM:10:04:15/06/2019 ‌

بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەنم لە نێوان پارێزگاكانی عێراق هەڵگیرا و ئێستە جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەتوانن گەنمەكانیان بە بازرگانانی پارێزگاكانی تری عێراق بفرۆشن و شارەزایەكی ئابووریش دەڵێت, لابردنی ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی جووتیارانی كوردستانە.

شوان كەریم جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, بەڵێنێك بە هەرێمی كوردستان دراوە كە ئەو ناوچانەی عێراق گەنمیان لێ وەرگیراوە، بۆ نموونە ئەگەر ناوچەیەك ١٠٠ هەزار تۆنی بۆ دیاری كرابێت و لەو رێژەیە كەمتر وەرگیرابێت، هەرچی لێ مایەوە بڕەكەی بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێم، واتە بخرێتە سەر رێژەی هەرێم.

زیاتر گوتی, ئەوەی گرنگە بە فەرمی ئەو بریارە هەڵوەشایەوە كە پێشتر رێگە نەدەدرا لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر گەنم بگوازرێتەوە و ئێستە بازرگانان دەتوانن سەردانی هەرێم بكەن و گەنمی جووتیارانی هەرێم بكڕن، ئەوەش لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە. 
لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامل شارەزای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند, كاتێك كە عێراق بڕێكی كەم گەنمی بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كردووە لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ, لە لایەكی ترەوە بریاری دابوو گەنم لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر نەچێت، بە تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێمەوە بۆ عێراق.

زیاتر گوتی, ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە عێراق رێژەیەكی كەم گەنمی جووتیارانی هەرێم وەردەگرێت كە رێژەیەكی زۆر كەمە لە گەنمی بەرهەمهێنراو, بەڵام پێشتر ئەو بڕیارە نەبوو كە نابێت گەنم لە پارێزگایەكی ترەوە بچێتە پارێزگایەكی تر و جووتیاران گەنمیان بە بازرگانە عەرەبەكان دەفرۆشت و گەنمەكانیان ساغ دەكردەوە.

شێخ كامل ئاماژەی كرد, بڕیاری لابردنی چوونی گەنم بۆ پارێزگاكانی تری عێراق لە بەرژەوەندی جووتیارانی كوردستانە و ئەو جووتیارانەی گەنمیان دەمێنێتەوە، دەیدەنە بازرگانەكان و دەتوانن ساغی بكەنەوە و لە زەرەر نەجاتیان بێت. دووپاتی كردەوە, دیاریكردنی ٣٤٠ هەزار تۆن بۆ هەموو كوردستان، بڕێكی زۆر كەمە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل