راوێژكاری بزنس لە كەنەدا: هەلی كار لە کوردستان دەڕەخسێنین

:: AM:09:34:17/06/2019 ‌


ھێمن فەرید راوێژكاری بزنس لە كەنەدا بزنس ئەكادیمی نوێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم چاوپێكەوتنەی "وشە"دا رای دەگەیەنێت، لە ڕێی پڕۆژەیەكەوە پاڵپشتی 100 گەنج دەكەن و كاریان بۆ دابین دەكەن، ئەوەیش ئەزموونی حكوومەتی كەنەدایە و پێویستە بگوازرێتەوە بۆ كوردستان.

 

ماوەیەكی زۆرە كاری ڕێكخراوەیی و كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەی، ئێستە لە كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكخراوی مەدەنی هەن، بۆچوونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟ تا چەند كوردستان پێویستی بەم ژمارە زۆرەی ڕێكخراوەكانە؟

زۆری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی باشترین شتێكە لە هەر وڵاتێك، رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی چەند زۆربن نیشانەی پێشكەوتنە، بەڵام چەند كەموكوڕێكمان هەیە لە دروستكردنی رێكخراو، ئەویش ئەوەیە رێكخراوی تایبەتمەند كەمە لە كوردستان، زۆربەی رێكخراوی گشتین و دەست بۆ هەموو پرسێك دەبەن، دەبێت لەمەودوا گرنگی بە رێكخراوی تایبەتمەند بدرێت، واتە رێكخراو دروست بكرێت تایبەت بێت بە گوندێك یان بە گەڕەكێك یان بە ناوچەیەك، یان رێكخراو دروست بكرێت تایبەت بە شاخێك بە كێشەیەكی بچووك، ئەوەندە سەركەوتوو دەبین.

 

لەماوەی ڕابردوو بەشێك لە ڕێكخراوەكان جۆرێكی تر وێنەی كارەكەیان كردووە، تەنانەت بەشێكیان لە گەندەڵی تێوەگلاون، لەسەر ئەوانە چیتان هەیە؟

لەسەر پرسی گەندەڵی مادام رێكخراو بەشێوەی خۆبەخشی كار دەكات، كەم رێكخراو هەیە تووشی گەندەڵی بێت لە كوردستان، چونكە بنەمای كاركردنی رێكخراو خۆی خۆبەخشیی ئارەزوومەندانە و بەبێ سوودە، بەپێی راپۆرتی شەفافیەتی نێودەڵەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە پڕۆژەكانی نێودەڵەتی لە چاو وڵاتانی تر كەمترین گەندەڵی تێیدا تۆمار كردووە، بەجۆرێك كەمتر لە چەند رێكخراوێك هەبووە لە لیستی ڕەش بێت، ئەویش لەسەر گەندەڵی نەبووە و زۆرجار لەسەر كەموكوڕی تەواو نەكردنی پڕۆژە بووە، بەهەمانشێوە لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان كەمترین رێژە تۆمار كراوە، ئەوەش دەستكەوتێكی زۆر باشە تایبەت بە كەرتەكانی تر لە كوردستان.

 

دەمەوێ پرسیار لەسەر ئەو پڕۆژەیەتان بكەم كە ئێستە پێوەی سەرقاڵن، ئەمە چۆنە و چۆن دەتوانێ خزمەت بە كوردستان بكات؟

ئێستە پڕۆژەیەكی تایبەتمان هەیە كە چۆن گەنجان خاوەنی داهاتوو و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان بن، دەمانەوێ لەسەر چەند بنەمایەك كار بكەین، كەمكردنەوەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان و هەڵگرتنی ئەو لۆدە زۆرەی لەسەر حكوومەت هەیە، زۆربەی هەرەزۆری ئارەزووی خەڵك لەسەر كەرتی حكوومی هەیە ئامانجی پڕۆژەكەیە، جیا لەوەی دەبێتە هۆی زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ و كەمكردنەوەی بەرهەمی دەرەكی،  سوود وەرگرتن لە توانا ناوخۆییەكان و هاندان و راهێنانی ئەو گەنجانەی كە تازە فێری كار دەبن بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی گەنجان رادەهێنێن .

 

ماوەیەكی زۆرە لە كەنەدا دەژی و پێوەندییەكانت لەوێ لە ئاستی باڵان، ڕەوشی كورد لە كەنەدا چییە؟

ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا بەتایبەت كەنەدا كە چۆن لە رێی پڕۆژەی بچووكەوە بووەتە ئەو وڵاتە زلهێزەی ئابووری، دەمانەوێ‌ هەمان ئەزموون وەك پاكێجێك بهێنێنەوە هەرێمی كوردستان، ئێستە كار لەسەر ئەوە دەكەین كە چەند راهێنەرێكی ناوخۆ دروست بكەین و رایان دەهێنێن چۆن گەنجان فێری پڕۆژەی بچووك بكەن و دواتر چۆن گرنگی پێ بدەن، دواتر چەند سەد كەسێك رادەهێنێن بۆ پڕۆژەكانیان و پاڵپشتی مادییان بۆ پەیدا دەكەین بۆ هەردوو رەگەزی بە شێوەی یەكسانی، هاوكات چاودێری پڕۆژەكانیان دەكەین و فێرە بەڕێوەبردنی كاریان دەكەین. دەمانەوێ ئەزموونی ئابووری كەنەدا بەشێوەیەكی سەرەتایی بگوازینەوە هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە بە فەرمی  چاومان كەوتووە بە سەرۆك وەزیری كەنەدا جستن ترۆدۆی و وەزیری ئابووری كەنەدا و وەزیری پڕۆژە بچووكەكانی كەنەدا، لە هەوڵی ئەوەداین ئەم ئەزموونەی كەنەدا فێری گەنجانی هەرێمی كوردستان  بكەین و حكوومەت و كابینەی داهاتووش پاڵپشت بێت و كارئاسانی لەو بوارە بكات. ئەگەر زەوینەكە لەبار بوو، بەرنامەی داهاتوومان بریتی دەبێت لە فراوانكردنی كارەكانمان و پێدانی هاوكاری زیاتری گەنجان تا گەنجانی هەرێمی كوردستان چیتر بیر لە كەرتی حكوومی نەكەنەوە و گرنگی بە تواناكانی خۆیان بدەن لە رێی پڕۆژە بچووكەكانیان و هەمان ئەزموونی كەنەدا دووبارە بكەینەوە لە هەرێمی كوردستان. لەسەر پرسی پێشخستنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ وەزیرانی كابینەی جستن ترۆدۆی كۆ بووینەوە كە وەزیری ئابووری كەنەدا و وەزیری كار و وەزیری دارایی و وەزیری وەرزش و لاوان و ژینگەی كەنەدا بەشێوەی فەرمی پشتگیرییان لە گواستنەوەی ئەزموونەكەیان بۆ كوردستان كرد.

 

كورد لەو وڵاتە توانیویەتی ناسراو بێ، لانی كەم لەلایەن سەرانی ئەو وڵاتەوە پشتگیری بكرێ؟

بەداخەوە كوردانی دانیشتووی كەنەدا تا ئێستە بەشێوەی پێویست كاریان نەكردووە و كۆمێنی كوردی تا ئێستە لە كەنەدا دروست نەبووە، ئەوەش وایكردووە كە كورد یەكدەنگ نەبێت لە كەنەدا لەسەر پرسەكانی كولتووری و فەرهەنگی و چالاكییە ئابووری و سیاسییەكانی لە كەنەدا، دەتوانم بڵێم كورد تاكە نەتەوەیە لە كەنەدا نەیتوانیوە خۆی بەدیار بخات كە تەواوی نەتەوەكانی تر بەشێوەی رێكخراوەیی كار دەكەن، تا ئێستە كێشەی ناوچەگەری و ئایدۆلۆجی و شێوەزاری پارچەكانی تر هەستی پێ دەكرێت. زیاتر ئەوانەی لەماوەی رابردوو روویان لە كەنەدا كردووە كە لە ساڵی 1970 دەست پێ دەكات، نەیانتوانیوە ئەو دیاردە تێپەڕێنن. هیوادارم ئەو كەسە تازانەی كە ئێستە لە كەنەدا دەژین، بتوانن ئەو سنوورە تێپەڕێنن و خزمەتی كوردستانی پێ بكەن.

 

•        كوردانی دانیشتووی كەنەدا یەكگرتوو نین

•        حكوومەتی كەنەدا بەگواستنەوەی ئەزموونی بۆ كوردستان خۆشحاڵە







وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 326 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌