گەندەڵی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:52:19/06/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق ئاشكرای دەكات كە ژمارەیەكی جووتیاری بازرگان لە عێراق هەستاون بە هاوردەكردنی گەنمی هەرزانبەها لە توركیا و بەناوی بەرهەمی زەوی كشتوكاڵی وەهمییەوە داویانەتەوە حكوومەت.

زەینەب تائی، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای بابل ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، ژمارەیەك بازرگان هەستاون بە حسێبكردنی رووبەری زەوی كشتوكاڵی وەهمی بۆ ناو پلانی كشتوكاڵ لە عێراق لە سنووری ئەو پارێزگایە و لە شوێنی بەرهەمی ئەو زەویانە گەنمیان هاوردە كردووە لە دەرەوەی عێراق و داویانەتەوە حكوومەت. 

تائی زیاتر گوتی، نرخی هەر تۆنێكی گەنمی جووتیار بەرهەمی دێنێت  دەگاتە نزیكەی 250-300 هەزار دیناری عێراقی، لەوكاتەی حكوومەت بە نرخی 530 هەزار بۆ هەر تۆنێك دینار لە جووتیارانی وەردەگرێت بۆ پاڵپشتیكردنیان، بۆیە ژمارەیەك لە جووتیاران زەوی نەچێنراویشیان وەك زەوی كشتوكاڵی بە گەنم چێنراو لە پلانی كشتوكاڵی تۆمار كردووە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئەو جووتیارە بازرگانانە گەنمی توركیان بە نرخی 270 هەزار دینار بۆ تۆنێك هاوردە كردووە و داویانەتەوە حكوومەت بەناوی ئەوەی لە عێراق چێنراوە بە نرخی 530 هەزار دینار بۆ تۆنێك، بۆیە پێویستە حكوومەت ئەو جۆرە گەندەڵییە بنەبڕ بكات كە زیان بە بەرهەمی نیشتیمانی دەگەیەنێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل