بەهۆی رووداوی هاتوچۆ ژنێک گیانی لەدەست دا

:: PM:02:12:04/07/2019 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك ژنێك گیانی لە دەست دا و هاوسەرەكەشی بە سەختی بریندار بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری تەمووز، فازڵ حاجی حوسێن گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەسەر رێی سەرەكی شەقڵاوە- باسرمە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیای تایبەت كە شوفێر و سەرنشینێكی تێدابوو كە ژن و مێرد بوون، بەهۆی تیژڕۆییەوە كۆنترۆڵی لەدەست دا و خۆكێشانی بەراگرەكانی تەنیشتی رێیەكە و تەقڵەیەكی لێ دا، دواتر لە قەراغی رێیەكە وەستا.
 
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتی، لە ئەنجامی رووداوەكە ژنە سەرنشینەكە لە شوێنی رووداوەكە گیانی لە دەست دا و شوفێرەكەش زۆر بەسەختی زامداربوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە شەقڵاوە.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە ڕێی شەقڵاوە- باسرمە بەهۆی خێرایی و تیژ لێخوڕین لەلایەن شوفێران ڕۆژانە ڕووداوی هاتوچۆی لێ‌ ڕوو دەدات.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی دەبنە قوربانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و سەتان ملیۆن دۆلار زیانی ئابووری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت.



وشە - رامیار جەواد