بەهۆی بومەلەرزەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دوو دەروازەی سنووری وەستان

:: PM:01:39:13/07/2019 ‌
 
بەهۆی بومەلەرزە لە دیوی ئێرانەوە هاتوچۆی بازرگانی لە دوو مەرزی نێودەوڵەتی سۆمار و زرباتییە سست بووە و ئەوەیش کاریگەری کردووەتە سەر ئەو بازرگانانەی لەو مەرزانە کاڵاکانیان هاوردە دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەموو 13ی تەمووز، ناسح محەمەد سەرپەرشتیاری باربردنی كرێكاران و شۆفێرانی مەرزی سۆمار لە سنووری شارەدێی مەندەلی ناوچەی كوردستانی دەرەوەی هەرێم بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، جیاواز لە رۆژانی پێشتر بەهۆی كاریگەری لەرینەوەی زەی لە مەرزی سۆمار، جووڵەی بازرگانی سستی بەخۆیەوە بینی.
 
زیاتر روونی دەکاتەوە، بەهەمان شێوە لە مەرزی زرباتییەی سنووری كوت هەستی پێكراوە و مەترسی دروستكردووە، وەك ئەوەی لەو مەرزە پێمان راگەیەنراوە.
 
"بەهۆكاری نەبوونی كۆمپانیای دڵنیایی و سەلامەتی و بنكەی تەندروستی، لەكاتی رووداوە سرووشتییەكاندا كرێكار و باربەران مەترسییان بۆ دروست دەبێت.
 
بەپێی دەستەی گشتی كەشناسی و پێوانەی زەمین لەرزەی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی، ئەمڕۆ زەمین لەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلە بەپێوەری رێكختەر لە ناوچەكانی سەرسنووری ئێران لەرینەوەی زەوی هەستی پێكراوە و ناوچەی میهرانی ئێران چەقی زەمین لەرزەكە بووە .
 
سەبتی مەندەلاوی، بەرپرسی حزبی شیوعی كوردستان لە سنووری مەندەلی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە مەندەلی كەمتر لە مەرزی سۆمار هەستی پێكراوە.
 
رۆژانە لە مەرزی سۆمار زیاتر لە هەزار بار لە ئێرانەوە هاوردەی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە و بەغدا دەكرێت وهەندێكیشی بەرەو پارێزگای كوت دەبرێ، مەرزەكەش لەژێر ركێفی میلشیا شیعەكاندایە.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان