بۆ كۆتایی هێنان بە زیانی ساڵانەی 15 ملیار دۆلار عێراق پەنا بۆ ئەمەریكا دەبات

:: PM:03:56:16/07/2019 ‌
بە مەبەستی چیتر بەفیڕنەدانی غازی سروشتی و وەبەرهێنان تێیدا، حكوومەتی عێراق هەوڵی بەستنی گرێبەست دەدات لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە پێنج كێڵگەی نەوتی.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، عاسم جیهاد گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراقی رای گەیاند، بە مەبەستی كۆتایی هێنان لە بەفیڕۆدانی غازی سروشتی، حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە وەبەرهێنان لە پێنج كێڵگەی نەوتی بكات.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشكرای كرد، سبەی چوارشەم 17ی تەمووز، بە ئامادەبوونی سامر غەزبان جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت، حكوومەتی عێراق، گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای هێنوێل "Henwell"ی ئەمەریكی واژوو دەكات.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، عێراق ساڵانە 12 ملیار مەتر سێجار غازی سروشتی لە كێڵگە نەوتییەكانی باشوور بەفیڕۆ دەدات كە كۆی داهاتەكەی ئەگەر بە بازاڕ بكرێت زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری ساڵانە دەكات، ئەمەیش لە كاتێكدایە عێراق، ساڵانە بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار زیاتر، غازی سروشتی بۆ بەگەرخستنی وێستگە كارەباییەكانی لە ئێران دەكڕێت.

عاسم جیهاد لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوت روونی دەكاتەوە، كۆمپانیای هێنوێل، وەبەرهێنان لە پێنج كێڵگەی نەوتی بەسرە دەكات و كاری كۆمپانیایەكە رێگرتنە لە بەفیڕۆ چوونی ئەو غازەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوت دەردەچێت، گوتی "بەو هەنگاوە، هەم كۆتایی بە سووتانی غازەكە و پیسبوونی ژینگە دێت، هەمیش داهاتی ساڵانەی 15 ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە".


وشە - فه‌رمان سادق