ترەمپ مەرجەكانی سەر ئێران قوڕستر دەكات و داوای دەرچوونی لە یەمەن دەكات

:: PM:08:29:16/07/2019 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە ئێران كرد كە لە یەمەن بچێتە دەرەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی بۆ حوسییەكان كە گرووپێكی شیعەن و لەو وڵاتە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و هەڕەشە بۆ سەر سعوودیە و جموجۆڵی دەریاوانی لە دەریای عەرەبی و دەریای سوور دروست دەكەن.

ترەمپ ئەمڕۆ سێشەم لە كۆبوونەوەی وەزیرانی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی رای گەیاند، واشنتن دەیەوێت ئێران لە یەمەن بچێتە دەرەوە، دووپاتی كردەوە كە ئەو نایەوێت رژێمی فەرمانڕەوایی لە ئێران بگۆڕێت، بۆیە پێشوەچوون هەیە و دەمانەوێت كاری لەگەڵ بكەین نەوەك رژێمەكەی بگۆڕین. 

میلیشیاكانی حووسی كە لە 2014ەوە دەستیان بەسەر یەمەندا گرتووە، لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و ناوە ناوە مووشەكبارانی خاكی سعوودیە و دامەزراوە نەوتی و فڕۆكەخانەكانی بە مووشەكی ئێرانی دەكەن، ئەوەش یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە ترەمپ لە 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمی واژووكراو لە 2015 پاشەكشەی كرد و داوای رێككەوتنێكی نوێ دەكات كە یەكێك لە خاڵەكانی دەستوەرنەدانی ئێرانە لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل