ئابووری هیندستان پاشەكشە دەكات

:: PM:01:27:18/07/2019 ‌

هاوردەكردنی نەوت لە هیندستان بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگی رابردوو دابەزی. كۆی قەبارەی ئەو بڕە نەوتەی هیندستان هاوردەی كردووە لە ماوەی چوار مانگدا، بریتی بووە لە 40 ملیار و 290 ملیۆن دۆلار و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 9% دابەزیوە كە هێمایە بۆ دابەزینی چالاكی پیشەسازی لەم وڵاتە.

هیندستان كە بە سێیەم گەورەترین ئابووری ئاسیا هەژمار دەكرێت  و خاوەن پیشەسازییەكی بەهێزە، كەمبوونەوەی هاوردەی نەوت بە واتای سستبوونی چەرخی پیشەسازی دێت و كاتێك بەرهەمهێنان لەو وڵاتە كەم دەكات، نیشانی دەدات ئابووری پاشەكشەی كردووە.

لە چەند مانگی رابردوودا  قەبارەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بەرهەمی پێترۆكیمیایی و كاڵاكانی بازرگانی دابەزیوە و ئەمەش خۆی نیشانەیەكی ترە لە پاشەكشەی ئابووری لەو وڵاتە.

تەنیا لە مانگی رابردوودا هاوردەی نەوت لە هیندستان بە رێژەی سەرووی 13% دابەزیوە و بە قەبارەی 11 ملیار دۆلار نەوت هاتووەتە كڕین، ئەمە لە كاتێكدایە هاوردەكردنی زێڕ بە رێژەی 13% بەرز بووەتەوە و بایی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار هاتووەتە كڕین.

بەگوێرەی "فارسنیوز" جگە لە دابەزینی هاوردەی نەوت، هەناردەی بازرگانیش لەم وڵاتە بە رێژەی 9% دابەزیوە و قەبارەكەی دەگاتە سەرووی 25 ملیار دۆلار.

جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین گرنگترین هۆكاری ئەم دۆخەیە كە باڵی بەسەر ئابووری دنیادا كێشاوە.



وشە - سلێمان تاشان