پێنج هاووڵاتی لە گەرمیان خنکان و پۆلیس سێ گومانلێکراوی گرت

:: AM:10:35:20/07/2019 ‌

لە سنووری هەرسێ شارۆكەی كقری و دەربەندیخان و سەعدیە لە ماوەی دوو رۆژدا پێنج كەس خنكاون و بەهۆیانەوە سێ کەس گیراون.

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، زەردەشت عوسمان بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دەربەندیخان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی دوینێ گەنجێك بە ناوی "فەیزوڵا حەسەن" تەمەن 20 ساڵ و مێرمندالێكی تەمەن 13 ساڵ بەناوی "ئەیاد ئیدریس" كەوتنە رووباری سیروانەوە و خنكان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تیمەکانی مەلەوانی سەر بە بەرگری شارستانیی دەربەندیخان دوو سەعات دوای رووداوەکە توانیان تەرمەکان لەئاو بهێننە دەرەوە.

هاوكات ئەمڕۆ شەموو پۆلیسی گەرمیان گرتنی دوو کەسی بەهۆكاری خنكانی گەنجێك لە مەلەوانگەیەكی شارۆكەی كفری گرت.

عەلی جەمال قدووری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی هەینی تەرمی گەنجێكی لەدایكبووی ساڵی 1985 بە ناوی نایب بەكر محەمەد هێنرایە بەشی پزیشكی دادوەری كەلار كە بە هۆی خنكان لە ئاودا، گیانی لە دەست دابوو".

بە گوتەی كەسوكاری خنکاوەکە، نایب لە كاتی مەلەكردندا لە مەلەوانگەیەكی ناوشاری کەلار خنكاوە و پۆلیس بۆ وەرگرتنی زانیاری و روونبوونەوەی مردنەکەی دوو کەسی گرتووە.

گوتەبێژەكە ئاماژەی بەوەدا كە پۆلیسی شارەكە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، بە بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەی 411ی یاسای سزادانی عێراقیش، دوو كەس گیراون كە سەرپەرشتی مەلەوانگەكە دەكەن، لێكۆڵینەوەش لەبارەی چۆنیەتی و هۆكاری خنكانی گەنجەكە بەردەوامە.

هەر ئەمڕۆ شەموو لەسەر خنكانی دوو برا لە ئاوی حەمرین لە سنووری شارەدێی سەعدیەی سەر بە خانەقین، گەنجێك لە لایەن پۆلیسەوە گیراوە، ئەویش بە گووتەی عەلی حەمەئەمین موختاری گوندەكانی سنووری حەمرین .

بەهۆی هاتنی شەپۆلی گەرماوە ساڵانە لەكاتی مەلەكردندا گەنجان و مێرد منداڵان دەچنە رووبارەكانی كوردستانەوە و هەندێکیان بەهۆی رەچاونەکردنی رێنمایی هێماکانی بەرگری شارستانی دەبنە قوربانی.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان