ڕۆژی 11ـی ئاب یەكەمین ڕۆژی جەژنی قوربانە

:: PM:03:45:20/07/2019 ‌
وەزارەتی ئەوقاف و كاورباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكەمین ڕۆژی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ڕاپەڕین سەربە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژی 10ـی ئاب ڕۆژی عەرەفەیە.

ئەوقاف ڕوونی كردووەتەوە، ڕۆژی 11ـی ئاب یەكەمین ڕۆژی جەژنی قوربانە.

ئەمڕۆ نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان 10 ڕۆژ بەر لەو وادەیە ئاشكرا دەكرێت، چونكە جەژنی قوربان جیاوازە و تەنیا لەلایەن سعوودیەوە ئەو ڕۆژە دیاری دەكرێت، دیاریكردنی ڕۆژی عەرەفەش بەهەمانشێوە هەر لەلایەن سعوودیەوە دیاری دەكرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، ڕۆژی یەكی "زی الحجە" سعوودیە بڕیاری لێ دەدات كە 10ی زی الحجە دەكەوێتە چەندی مانگەوە ئەو كاتە دەزانرێت چ ڕۆژێك جەژنە.

ڕوونی كردەوە، ئێستە چاوەڕوانی وڵاتی سعوودیە دەكەین بۆ ئەوەی یەكەمین ڕۆژی دیاری بكات و ئێمەیش ڕای دەگەیەنین.

ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بۆ گەشتی حەج بە حەوت هەزار حاجی بەشدارە و تا ئێستە پێنج هەزار حاجی گەشتیان كردووە بۆ ئەو وڵاتە و بڕیارە لە سێ‌ ڕۆژی داهاتوو تەواوی حاجییانی هەرێمی كوردستان بگەن بە سعوودیە.





وشە - رامیار جەواد