كۆسپی هه‌ره گه‌وره له به‌رده‌م چاكسازی بوونی هێڵی زۆنی زه‌رد و سه‌وزه كه بووه‌ته رێگره
كاردۆ محه‌مه‌د سه‌رۆكى تۆڕی نه‌وا رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌لومه‌رجی بابه‌تى پێویستی به چاكسازی هه‌یه، ئه‌گه‌ر نه‌توانین له ناوخۆماندا چاكسازی بكه‌ین، ئه‌وا پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان ئاسان نابێت، رووداوه‌كه‌ى ئه‌مدواییه‌ى سه‌ماوه و جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن له ئاستى ده‌ره‌كی كوردستان هێشتا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه.
كاردۆ له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له پلانی تۆڕی نه‌وا ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات له داهاتووی نزیكدا كۆنفراسیان له‌سه‌ر چه‌ند سێكته‌رێك ده‌بێت. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "هاوشانی گوشار بۆ چاكسازی له‌سه‌ر حكوومه‌ت، پێویسته پشتگیریش هه‌بێت".
پرسی چاكسازی به‌شێكی گرنگی هێڵه گشتییه‌كانی كابینه‌ى نوێیه، حزبه‌كانیش كۆكن له‌سه‌ری و خه‌ڵكیش ئه‌وه‌ى ده‌وێت، به‌ڵام چۆن ده‌كرێ ئه‌و گوتاره بخرێته چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و جێبه‌جێ بكرێت؟
ده‌ستنیشانی ده‌رده‌كان كراوه و زۆریش قسه‌ى له‌سه‌ر كراوه، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه ده‌ستنیشانكردنی میكانیزمهكهیهتى تا بیكاته كردار. به تێگه‌یشتنی من، لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌شدار له كابینه‌ى نوێ، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌لومه‌رجه بابه‌تییه‌كه پێویستى به چاكسازی هه‌یه له دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كانی كوردستان.
ئه‌گه‌ر تایبه‌تمه‌ندی به باشووری كوردستان بده‌ین، ددانپێنانێكی ده‌ستووری هه‌یه و ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی كورده له ئاستى ناوخۆ، عێراق و نێوده‌وڵه‌تی، ده‌بێ له ئاستى عێراق هه‌نگاو هه‌ڵبگرین بۆ ده‌ستخستنی مافه ده‌ستوورییه‌كانمان و له كوردستانیش چاكسازی بكه‌ین، بۆیه ئه‌گه‌ر له ناوخۆماندا نه‌توانین چاكسازییه‌كی بنه‌ڕه‌تى بكه‌ین، ئه‌وا له ئاست ره‌وشی ناوچه‌كه و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانمان ئاسان نییه، ئه‌و دوو پرسه‌یش به‌یه‌كه‌وه گرێ دراون. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عێراق بكه‌ین، ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراوه‌یی كار بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له ناوخۆدا چاكسازی بكه‌ین، له نه‌بوونی ده‌ستوور، نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی و ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری به‌هێز، هێشتا بڕیاره سیاسییه‌كان نه‌هێنرابنه ناو دامه‌زراوه‌كانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك، سیستمێكی كوالێتی به‌هێزت نه‌بێت، ده‌زگه چاودێرییه‌كانی وه‌ك ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، داواكاری گشتى، ئه‌وانه هه‌موویان یاساكانیان به‌سه‌ر چووه، بۆ رێكخستنه‌وه‌ی خۆمان له هه‌موو ئاسته‌كاندا پێویستمان به ئیراده‌ی سیاسییه.
به‌دیدی من، چاودێری میلی كه خۆی له میدیا و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نی به‌هێز ده‌بینێته‌وه، فاكته‌ری گرنگن و گه‌لان ئه‌زموونیان كردووه و بوونی خۆیان پێ به‌هێز كردووه. ئه‌و هێزه میلییه پڕه له هێز و وزه‌ی جۆراوجۆر، نابێت ئه‌و هێز و وزه‌یه له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكی حزبایه‌تى له قاڵب بدرێت و مۆنۆپۆڵ بكرێت، ئه‌و هێزه پێویستى به رووبه‌رێكی فراوانی كاركردن هه‌یه تا ببێته هێزێكی چاودێری به‌هێز بۆ گوشاركردن له حكوومه‌ت به ئاراسته‌ى چاكسازی، بۆیه هه‌ر میله‌تێك ئه‌و هێزه‌ی نه‌بێت، ئاسان نییه بتوانێ چاكسازی بكات.
به‌ڵام ئایا له كوردستان ئه‌و هێزه هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌وا به حزبی نه‌كراوه؟
وه‌ك هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی ئێمه، له‌گه‌ڵ بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری رێكخراو، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ببن به هێزی گوشار بۆ پێشخستنی كۆمه‌ڵگه. ده‌بێ هه‌موومان ددان به‌وه‌دا بنێین ته‌نیا به هێزه سیاسییه‌كان چاكسازی ناكرێت، ئێمه پێویستمان به ریفۆڕمی كۆمه‌ڵایه‌تییه له هه‌موو بواره‌كاندا.
رێكخراوی زۆر هه‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ى ئێمه‌یش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سی بژارده‌ى ناو كۆمه‌ڵگه ده‌مانه‌وێ ئه‌و مینبه‌ره بین به دیدێكی نوێ، پرۆگرامێكی نوێ، ئیراده‌یه‌كی نوێ، كاری پیشه‌یی ده‌كه‌ین له چوارچێوه‌ی نیشتمانی.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر چاكسازی، حزبه به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت رێككه‌وتنیان هه‌یه له‌سه‌ر چاكسازی، كه‌واته ئیراده‌یه‌كی سیاسی هه‌یه، به‌ڵام چی بكرێت تا ببێت به كردار و له گوتار ده‌ربچێت؟
ده‌بێ هه‌موو ئامرازه‌كانی گوشار به‌هێز بكرێت، وه‌ك میدیا و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نی، ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتی بان ده‌سه‌ڵاتن كه ده‌سه‌ڵات له گه‌له‌وه وه‌رده‌گرن، ده‌توانێ گوشارێكی به‌هێز بێت بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی كابینه‌ى نوێ تا ببێته حكوومه‌تێكی جیاواز، جیاواز له‌وه‌ى حكوومه‌تی هاووڵاتی بێت، ئیراده‌ى چاكسازی هه‌بێت، دژایه‌تى گه‌نده‌ڵی بكات و شه‌فاف بێت، له‌مه‌شدا سه‌روه‌ری یاسا مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تییه بۆ چاكسازی.
پێمان وایه هه‌وڵ و ئیراده هه‌یه بۆ چاكسازی، بۆیه ده‌بێ گوشاری زیاتر بكرێ و ته‌نانه‌ت پشتگیریش بكرێت له رێی زانكۆكان كه ناوه‌ندی گرنگن بۆ راوێژ، هاوشانی ئه‌وانیش توێژه جیاجیاكان و میدیا و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نی و ئه‌و حزبانه‌ى به كردار چاكسازییان ده‌وێت.
ئه‌و هه‌موو ویسته هه‌یه بۆ چاكسازی، به‌ڵام بوونی دوو ئیداره‌یی له خواره‌وه‌ی كابینه‌ى حكوومه‌ت كه زۆرجار له نه‌بوونی ئیراده‌ى سیاسی كورتی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ویش مانه‌وه‌ی هێڵی زۆنی زه‌رد و سه‌وزه، پێت وایه ئه‌و هێڵه چه‌نده رێگر بووه له به‌رده‌م ئه‌نجامدانی چاكسازی؟
تا بناغه‌كان رێك نه‌خه‌ینه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه كۆسپی هه‌ره گه‌وره له به‌رده‌م چاكسازی بوونی هێڵی زۆنی زه‌رد و سه‌وزه كه بووه‌ته رێگره، بۆیه ئێمه باس له یه‌كێتی خاك ده‌كه‌ین، داوای یه‌كخستنی هێزی چه‌كدار ده‌كه‌ین، بۆ ده‌ڵێین با حكوومه‌تێكی سه‌رانسه‌ری بێت، چونكه پێمان وایه ئه‌گه‌ر نه‌توانین بنچینه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تداری به‌هێز بكه‌ین، دڵنیابه ناتوانین چاكسازی بكه‌ین.
ده‌بێ سه‌ره‌تا باس له بنچینه‌كانی ده‌وڵه‌تداری بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت چۆن باسی پێشمه‌رگه بكه‌ین كه هی حزبه، چۆن باسی داهات بكه‌ین كه دابه‌ش ده‌كرێت، چۆن باسی حوكمڕانی بكه‌ین كه سنوور هه‌یه و حزب له قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیدا حكوومه‌تداری ده‌كات، بۆیه یه‌كه‌م هه‌نگاو كاركردن ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراندنی بنچینه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چاكسازی.
بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه نیوه‌ى ئه‌و چاكسازییه‌ى حكوومه‌ت باسی ده‌كات جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا هه‌نگاوێكی گه‌وره هه‌ڵگیراوه؟
من به‌رگریكاری حكوومه‌ت نیم، وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكى حكوومه‌ت له په‌رله‌مان، هێڵی گشتى بوو كه لایه‌نه‌كان رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه. ورده‌كارییه‌كه‌ی له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یدا، حكوومه‌ت داوای له هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان كردووه به‌رنامه‌ی چوار ساڵه‌یان دابنێن، كه به‌رنامه‌كه دانرا ئه‌وكات پلان ده‌رده‌كه‌وێ و په‌رله‌مان و میدیا و رێكخراوه‌كانیش بۆیان روون ده‌بێته‌وه چۆن چاودێری كاری حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌رنامه‌كه نیشانه‌ى پرسیار له‌سه‌ر حكوومه‌ت داده‌نێت.
وێنه‌یه‌ك خه‌ریكه ده‌گشتێنرێت ئه‌گه‌ر چاكسازی نه‌كرێت، ئه‌وا مه‌ترسی له‌سه‌ر داهاتووی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان داده‌نێت له دیوه سیاسی و یاسایی و ده‌ستوورییه‌كه، به‌دیوه‌كه‌ی تر، گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی گه‌یشتووه‌ته ئاستێك مه‌ترسی بێت له‌سه‌ر داهاتووی كوردستان؟
ئه‌گه‌ر به چاوێكی كراوه سه‌یری ناوچه‌كه بكه‌ین، هه‌ر له عه‌قڵیى دژایه‌تى ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌نفال له سه‌ماوه تا ئه‌نفالی بارزانییه‌كان و تا ده‌گاته پێنج ساڵه‌ى جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان، پێمان ده‌ڵێ، هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره له‌سه‌ر شوناس و قه‌واره‌ی كوردستان له ده‌ره‌وه هه‌یه، هێشتا مافمان نه‌دراوه‌تێ بڕیار له چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین. له ئاستى ناوخۆدا، له تیرۆر مه‌ترسیدارتر له‌سه‌ر كوردستان كه میله‌ت و حكوومه‌ت داده‌ڕزێنێت، گه‌نده‌ڵییه، بۆیه هه‌ر حكوومه‌تێك پلانی نه‌بێت بۆ بودجه و داهات، ئه‌وا چاوه‌ڕێی شهفافیى چی لێ ده‌كرێت كه جۆری دابه‌شكردنه‌كه‌ی دیار نه‌بێت؟.
دوو مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت هه‌یه، یه‌كێكیان ئه‌و قهرزهیه له‌سه‌ر حكوومه‌ت، هه‌روه‌ها كێشه‌ى نه‌وتمان پێ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، ئه‌و دوو پرسه زۆر گرنگن، ده‌بێ پلانمان بۆی هه‌بێت، بێ پلان ئاینده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار چاوه‌ڕێمان ده‌كات.
به‌ڵام هێشتا شه‌فافییه‌ت نییه، ته‌نانه‌ت قه‌رزاربوون و نه‌بوونی حكوومه‌تیش گومانی له‌سه‌ر دروست بووه، كه‌س نازانێ حكوومه‌تێك نه‌وتی فرۆشتبێت، چۆن قه‌رزار بووه و بۆ قه‌رزار بووه و چه‌ند قه‌رزاره، هۆكار چییه.. جگه له‌مه‌ش دۆسیه‌ى نه‌وت ناشه‌فافترین دۆسیه‌یه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، چاكسازی بێ شه‌فافییه‌ت چۆن ده‌كرێت؟
چاكسازی بێ پلان، بێ شه‌فافییه‌ت، بێ جێبه‌جێكردنی یاسای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری سه‌ركه‌وتوو نابێت، بۆیه حكوومه‌ت ده‌بێ چاكسازی له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بكات و بڕوای به سه‌روه‌ری یاسا هه‌بێت، بڕوای به‌وه هه‌بێت په‌رله‌مان متمانه‌ی پێ داوه و ده‌توانێ لێشی وه‌ربگرێته‌وه و چاودێریش بێت به‌سه‌ریه‌وه. حكوومه‌ت ده‌بێ له رووی كارگێڕییه‌وه چاكسازی بكات، نابێ حكوومه‌ت خۆی ببێته بار به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه، هه‌ر حكوومه‌تێك بیه‌وێ چاكسازی بكات، ده‌بێ بڕیار بدات و رێ به‌وانه نه‌دات كه پێشتر پێشێلكارییان كردووه، پاشان لێپرسینه‌وه دێت.
به‌ڵام حكوومه‌ت، حزبه‌كان دروستى ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌و حزبانه‌یش ده‌ستوه‌ردانیان له كاروباری حكوومه‌ت كردووه، پێت وایه مه‌سروور بارزانی ئه‌و كاره‌كته‌ره به‌هێزه‌یه بتوانێ رێگری له ده‌ستوه‌ردانی حزب بكات و له حزبه‌كه‌ی خۆیه‌وه ده‌ست پێ بكات و پاشان یه‌كێتی و گۆڕان؟
پێم وایه له‌و كهڵهكهبوونهی چه‌ندان ساڵه، چاكسازی و گۆڕانكاری ئاسان نییه، به ماوه‌یه‌كی دیاریكراو بتوانی لق و پۆپی ئه‌و هه‌موو رایه‌ڵه تونده‌ی كه وڵاته‌كه‌ی ته‌نیوه به به‌رژه‌وه‌ندخوازی و گه‌نده‌ڵی و ته‌سكی حزبایه‌تى ببڕی، به‌ڵام له رووی سیاسی ئاماژه هه‌یه، تا ئێسته‌یش بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت نیشانی ده‌ده‌ن نیاز بۆ چاكسازی هه‌یه، له‌وانه دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی راژه كه دامه‌زراندن له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون بێت نه‌ك پشتگیری حزب.
به تێگه‌یشتنی من ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی بكرێت به پێوه‌ر، لێره‌دا نه‌ك ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كان و كارهكتهراكانیش له‌وه‌دایه چاكسازی بكرێت و گۆڕانكاری به قازانجی خه‌ڵك بكه‌ن. حزبێك بۆ قازانج ناكات له چاكسازی كه نموونه‌ی حوكمڕانی جوان پێشكه‌ش بكات، ئیراده‌یه‌كی جوان حوكمڕانی بكات، په‌رۆشی خه‌ڵك و دژی گه‌نده‌ڵكاران بێت.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پڕۆژه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان، به‌شداری رێكخراوه‌كان و زانكۆ تا ده‌گاته لیژنه پێوه‌نداره‌كانی په‌رله‌مانیش، چه‌نده گرنگه؟
هه‌ر وه‌زاره‌تێك پڕۆژه‌ى خۆی هه‌یه، گرنگه ئه‌وانه‌ى پێوه‌ندیدارن به كاری هه‌ر وه‌زاره‌تێك، به‌شدار بكرێن و گوێیان لێ بگیرێت، بۆیه به‌شدارییان كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت و خزمه‌تی حكوومه‌تیش ده‌كات.
وه‌ك تۆڕی نه‌وا ده‌توانن كۆنفرانس بكه‌ن، پڕۆژه‌تان ده‌بێت بۆ حكوومه‌ت؟
وه‌ك تۆڕی نه‌وا ده‌مانه‌وێ نموونه‌یه‌كی جوان پێشكه‌ش بكه‌ین، ده‌مانه‌وێ ببین به چه‌ترێك بۆ هه‌موو ئه‌و رێكخراوانه‌ى هه‌مان دید و بۆچوونی ئێمه‌یان هه‌یه له كاری رێكخراوه‌كان.
هه‌وڵ ده‌ده‌ین یاداشتی لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان واژوو بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارییه‌كی كاریگه‌رمان هه‌بێت له ده‌رچووانی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ى له په‌رله‌مان قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، ده‌مانه‌وێ رۆڵێكی كاریگه‌ر ببینین، بۆ ئه‌مه‌ش له ئاینده‌ى نزیكدا كۆنفراس له‌سه‌ر پرسی نه‌وت، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده، ته‌ندروستى بگرین، له كۆنفراسهكانیشدا بانگهێشتی وه‌زیره پێوه‌نداره‌كان ده‌كه‌ین تا ئاگاداری كاری كۆنفراس بن و بۆچوونیشیان هه‌بێت، ئامانجمان له‌و كارانه دروستكردنی رای گشتییه تا كاریگه‌ریمان هه‌بێت له‌سه‌ر سیاسه‌تى گشتى حكوومه‌ت.
ئایا وه‌ك تۆڕی نه‌وا چاودێری به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، راپۆرتتان ده‌بێت؟
بێگومان راپۆرتمان ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه راپۆرتى وه‌رزی ده‌بێت یان مانگانه.