رووحانی: ئاسایشی كەنداو لە بەرانبەر هەناردنی نەوتی ئێرانە

:: PM:04:52:21/08/2019 ‌

حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران ئاسایشی رێڕەوی ئاوی هاتوچۆی كەشتییە دەریاییەكانی لە كەنداو بە پێویستی لابردنی گەمارۆی نەوتی سەر وڵاتەكەی بەستەوە و دووپاتی كردەوە كە تاران لە سیاسەتی كەمكردنەوەی پابەندی بە رێككەوتنی ئەتۆمی بەردەوام دەبێت ئەگەر گفتوگۆكانی لەگەڵ وڵاتانی واژووكار بۆ رێككەوتنەكە بە ئەنجام نەگات.

ئەمڕۆ چوارشەم رووحانی لە دیدارێكی لەگەڵ ئەندامانی حكوومەتەكەی لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران بە بۆنەی هەفتەی حكوومەت بەپێی رۆزنامەی ئێران، وریایی دا بەوەی بەسفركردنی هەناردنی نەوتی ئێران ئاسایشی رێڕەوی ئاوی لە كەنداو دەخاتە مەترسییەوە.

زیاتر گوتی، هێزەكانی جیهانی باش دەزانن كە ئەگەر هاتوو گەمارۆی تەواو بخرێتە سەر هەناردنی نەوتی ئێران و هەناردنی بەسفر بكرێت، ناكرێت رێڕەوی ئاوی لە كەنداو بە هاوشێوەی پێشوو لە ئاسایشدا بێت، چونكە گوشاری تاكلایەنە بۆ سەر ئێران ئاسایش لە ناوچەكە و دنیا مسۆگەر ناكات.

سەرۆكی ئێران سزاكانی ئەمەریكای بۆ سەر وڵاتەكەی بە تیرۆر ناوبرد كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی ئێران لە منداڵ و ژن و پیاو دەكاتە ئامانج و دووپاتی كردەوە كە ئێران خۆراگرە لە بەرانبەر گوشارەكانی ئەمەریكا و ئێستە ئەمەریكا وەك هێزێكی ناپابەند بە رێككەوتننەكان تووشی دابڕانی نێودەوڵەتی بووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل