بەهۆی ڕاپۆرتێكی "وشە" ژمارەیەك سەنتەری مەساج داخران

:: AM:09:23:24/08/2019 ‌
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن لیژنەكانی تەندروستی و قایمقامیەتی شارەكانی هەرێمی كوردستان، چەندان سەنتەری مەساج داخراون، ئەوەیش دوای ڕاپۆرتێكی هەفتەنامەی "وشە" لە مانگی ئایار كە ئاشكرای كردبوو چەندان سەنتەر و جوانكاری لە هەرێمی كوردستان بەبێ‌ مۆڵەت كار دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی ئاب، نەوزاد عەزیز ئەندامی لیژنەكانی بەدواداچوون ڕێكخراوە تەندروستییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن چەندان هاووڵاتی ئاگەدار كراوینەتەوە كە سەنتەر و شوێنی جوانكاری و مەساج هەیە لە هەرێمی كوردستان هیچ مۆڵەتێكیان نییە و كار دەكەن.

ڕوونی كردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و قایمقامیەتی شارەكانمان ئاگەدار كردووەتەوە لە ڕابردوو و لە هەفتەنامەی "وشە" بە ئاشكرا ئەو شوێنانە كە مۆڵەتیان نییە، هۆكارەكەی ڕوون كرابووەوە، بۆیە بە ڕاپۆرتێك ئاگەدارمان كردنەوە.

باسی لەوەش كرد كە لە هەفتەی ڕابردووەوە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 شوێن داخراون كە تەنیا مۆڵەتی دانانی سەنتەریان هەبووە، مۆڵەتی دەزگە تەناهییەكان و تەندروستی و كار و چاودێرییان نەبووە.

قایمقامیەتی هەولێریش بڵاوی كردووەتەوە، بەشی پۆلیسی ڕێككاری سەنتەرێكی مەساجی داخست هۆكاری داخستنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوون بەڕێنوێنییەكان و كاركردن بەبێ مۆڵەت، بەپێی یاسا ڕێككاری یاسایی بەرانبەر دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد