تەندروستی گەرمیان بە مەرج رێگە بە پزیشکانی رۆژهەڵاتی دەدات کار بکەن

:: PM:12:17:14/09/2019 ‌

چەند پزیشكێك لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە روودەكەنە گەرمیان و لەسەر كردنەوەی نۆرینگە لە شارۆكەیكفری لەگەڵ بەرپرساندا رێكدەكەون و تەندروستی و یەكە كارگێڕییەكانی ناوچەكەش مەرجیان هەیە بۆ كاركردنیان.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، دكتۆر هێمن محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی كفری بە "وشە"ی راگەیاند، بە مەبەستی كردنەوەی كلینكی تایبەتی لەم رۆژانە چەند پزیشکێکی رۆژهەڵاتی و ئێرانی سەردانی شارۆكەی كفریان كرد و لەگەڵ ئێمە و قایمقامی كفری كۆبوونەوە، ئێمەش رێكکەوتووین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە بۆ كاركردنیان مەرجمان هەیە و دەبێ بۆ بەرژەوەندی گشتی لە هەفتەیەكدا سێ رۆژ لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید خالید گەرمیانی بێ بەرانبەر دەوام بكەن، پزیشكەکانیش بەداواكەمان رازی بوون.

"رێكەوتنی ئێمە و ئەو پزیشكانە كۆتایی پێهاتووە و بەتایبەت پاش ئەوەی كۆمەڵگەی پزیشكی ئێواران لە كفری كرایەوە و وا بڕیارە لەوێ دەوام بكەن ئێمە سێ رۆژ دەوامی بەیانیمان لێیان دەوێت بێ بەرامبەر.

دۆخی ئابوری ئێران هۆكارە بۆ ئەوەی پزیشكان بێنە هەرێمی كوردستان بۆ كاركردن، ئەوەش بە گووتەی ماجد محەمەد شارەزای ئابوری لەناوچەكە و وەک بۆ "وشە" ئاماژەی پێ دەدات، پزیشكانی ئێران لەوە ئاگادارن كە خەڵكی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوانە.

ئەوپزیشكانە كە پێنج پزیشكی پسپۆڕن بە هۆكاری ئەوەی بۆهێنانی بڕونامە و كاری تریان ماوە لە ئێران خۆیان لە پێدانی لێدوان بەدوور دەگرن.

هاتنی ئەو پزیشكانە لەكاتێكدایە كە ناوچەكە لەڕووی كەرتی تەندروستییەوە پێویستی بە ئاورلێدانەوەی زیاتر هەیە، ئەوەش بە گووتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان