داوای لێكۆڵینەوە لە بودجەی 15 ساڵی عێراق دەكرێت

:: PM:09:54:21/09/2019 ‌
داوا لە ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكرێت، لێكۆڵینەوە لە بودجەی 15 ساڵی رابردووی عێراق كە ترلیۆنێك و 200 ملیار دۆلاری ئەمەریكییە. سەباح ساعدی سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ، ئەو بودجەیە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ژیانی عێراقییەكان نەبووە.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، سەباح ئەلساعدی سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر، پشتگیری لێدەكات، داوای لە ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كرد، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكی ئەنجوومەنەكەیە، لێكۆڵینەوە لە بودجەی 15 ساڵی رابردوو بكات.

بودجەی 15 ساڵی رابردووی عێراق لە 2005 تا 2019 بەمجۆرەیە، ساڵی 2005 بڕەكەی (35 ترلیۆن دینار)ـی عێراقی بوو، 2006 بڕەكەی زیاتر لە (50 ترلیۆن) بوو، 2007 بڕەكەی زیاتر لە (72 ترلیۆن) بوو، 2008 بڕەكەی زیاتر لە (59 ترلیۆن) بوو كە بە بودجەی تەواوكاری گەیشتە زیاتر لە 80 ترلیۆن، 2009 بڕەكەی 69( ترلیۆن) بوو، 2010 بڕەكەی زیاتر لە (84 ترلیۆن) بوو، 2011 بڕەكەی (96 ترلیۆن) بوو، 2012 بڕەكەی (117 ترلیۆن) بوو، 2013 بڕەكەی (138 ترلیۆن) بوو.
بەڵام لە 2014 بەهۆی شەڕی دژ بە داعش، یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق دەرنەچوو، ئەوەیشی حكوومەتی عێراق دەڵێ خەرجی كردووە، گەیشتووەتە (163 ترلیۆن)، لە 2015 بودجە گەیشتە زیاتر لە (119 ترلیۆن)، لە 2016 بڕەكەی بۆ (105 ترلیۆن) كەمی كرد، لە 2017 زیاتر لە (100 ترلیۆن) بوو، هاوكات 2018 بڕەكەی (104 ترلیۆن) بوو، ئەمساڵیش بڕەكەی زیاتر لە (133 ترلیۆن) بووە.

كۆی بودجەی 15 ساڵی رابردووی عێراق جگە لە 2004 كە سەردەمی دەسەڵاتی راگوزەر بووە، دەكاتە نزیكەی هەزار و 500 ترلیۆن دینار كە سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ شەموو، لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد.

هەر ترلیۆنێك دیناری عێراقی دەكاتە 800 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی، بەو هاوكێشەیە بێت ئەوا كۆی بودجەی عێرا قلە 2005 تا 2019، ترلیۆنێك و 200 ملیار دۆلار بووە.

بە هەڵسەنگاندنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراقی بێت، ئەوا ئەو بودجە زەبەلاحەی ساڵانە هیچ كاریگەریەكی ئەرێنی بەسەر ژیانی هاووڵاتیان نەبووە، تا ئێستەش كارەبا 24 سەعات بوونی نییە ئەگەرچی 45 ملیار دۆلار بۆ گرێبەستەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج كراوە، هێشتا زۆرێك لە شارەكانی گیرۆدەی كەمی ئاوی خواردنەوەن، جگە لە خراپی رێگاوبان و خزمەتگوزاری تەندروستی.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانتارێك ئاشكرای كرد، شەش هەزار پڕۆژەی وەهمی لە بودجەی گشتی عێراق پارەی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام لەسەر زەوی ئەو پڕۆژانە هەر بوونیان نەبووە.

هەموو ئەوانە ئاماژەی روونن بۆ بوونی گەندەڵییەكی زۆر گەورە لە عێراق، بۆ ئەمەش پۆڵێنی شەفافیەتی نێودەوڵەتی كە پشت بە چەندان بنەما دەبەستێت، باشترین بەڵگەیە كە عێرا قلە كۆی 180 وڵاتی ئەندام لە رێكخراوەكە، هەمیشە لە 10 ریزبەندی هەر خراپی دواوەیە.


وشە - فه‌رمان سادق