چەند بڕیارێك بۆ مووچەی تۆڕی خێزان دەرچوو

:: AM:09:51:07/10/2019 ‌
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەنجوومەنی وەزارەت كۆبووەوە و تێیدا چەند بڕیارێك بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و تۆڕی خێزان درا.

" بەدواداچوون بۆ لیژنەی ئامادەكاری ڕێنوێنیی نوێی تایبەت بە تۆڕی چاودێری خێزان كرا "

ئەمڕۆ دووشەم شەشی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئەنجوومەنی وەزارەت ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی هەمەلایەنەی تایبەت بە تۆماركردنی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران كرد و بەدواداچوون بۆ لیژنەی ئامادەكاری ڕێنوێنیی نوێی تایبەت بە تۆڕی چاودێری خێزان كرا.

ڕوون كراوەتەوە، لە كۆبوونەوەكە بڕیار درا  ئامادەكاری بكرێت بۆ دروستكردنی سندووقی هاوكاری خاوەن پێداویستی تایبەت و كاروباری خێزان، ئامادەكردنی ڕێنوێنی پێویست بۆ ئەو بابەتە و گواستنەوەی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شارێك بۆ شارێكی تر تاوتوێ كرا و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا.

لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت كێشەی زیادبوونی ژمارەی سزادراوان و چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی نووسراو و زیادبوونی ڕۆتین، خاڵێكی تری كۆبوونەوەكە بوو كە چارەسەر و میكانیزمی پێویستی بۆ دانرا.



وشە - رامیار جەواد