ناكۆكی و گرژییه‌كان له‌سه‌ر گازی سروشتی نێو به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر په‌ره‌ده‌ستێنێت و كریاكوس میتسوتاكیسی سه‌رۆك وه‌زیرانی یۆنان دواجار هۆشداری به مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دا، كه توركیا ده‌یه‌وێ سه‌روه‌ری قوبڕس پێشێل بكات.
ڕۆژنامه‌ی كاتیمرینی یۆنانی بڵاوی كرده‌وه، كه دوای ئه‌وه‌ی توركیا كه‌شتی یاوزی بۆ گه‌ڕان و پكشنینی ئاوه‌كانی باشووری قوبڕس ڕه‌وانه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به هه‌ڵكه‌ندنی بیری گازی سروشتی له كه‌ناراوه‌كانی قوبڕسی باكور بكات، كێشه‌كانی نێوان توركیا و یۆنان له‌لایه‌كه‌وه، توركیا و ئیتاڵیا و فڕه‌نسا له‌لایه‌كی تره‌وه به‌ره‌و گرژی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا و فڕه‌نسا گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی قوبڕس كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌و كێڵگانه‌ی گازی سروشتی بكه‌ن، به‌ڵام حكوومه‌تی باكوری قوبڕس كه ته‌نیا توركیا دانی پێداناوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی توركیا گرێبه‌ستی له‌سه‌ر ئه‌و كێڵگانه كردووه، ئه‌مه‌یش كێشه‌كانی به ته‌واوی ئاڵۆز كردووه.
كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا و فڕه‌نسا گرێبه‌ستیان له‌سه‌ر كێڵگه گازییه‌كانی قوبڕس كردووه و توركیایش به زه‌بری هێز خه‌ریكی داگیركردنی ناوچه‌كه‌یه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه دروست كردووه
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه توركیا به نیازه ده‌ست به هه‌ڵكه‌ندن بكات تێیدا 90 كیلۆمه‌تر له ناوچه‌ی لیماسول دووره كه پێشتر ده‌سه‌ڵاتدارانی قوبڕس له‌سه‌ر ئه‌و كێڵگه‌یه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئینی ئیتاڵی و تۆتاڵی فڕه‌نسی كردووه، تا وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن.
پێشبینی ده‌كرێ ئه‌و گرژیانه ته‌شه‌نه بكه‌ن و مه‌ترسی ئه‌وه‌یش هه‌یه كه ناكۆكی و جوڵاندنی هێز جارێكی تر له‌لایه‌ن ئه‌وروپا و توركیا دژی یه‌كتر له‌سه‌ر قوبڕس ڕوو بدات، بۆیه گازی سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه به سه‌رچاوه‌ی كێشه‌یه‌كی تری گه‌وره‌ی ناوچه‌كه ناوده‌برێت.