هاوپەیمانیی فەتح و عەسائیب دەیانەوێت سیستەمی سیاسی پەرلەمانیی عێراق بۆ سەرۆكایەتی بگۆڕن

:: PM:04:06:07/11/2019 ‌

چەند لایەنێكی شیعە لە پشت دروستكردنی ئەو لیژنە دەستوورییەن و دەیانەوێت سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بگۆڕن، ئەمەیش ترسی لەلای نەتەوەكان تر دروست كردوە.

ئەمڕۆ  پێنجشەم حەوتی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر، جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  بۆ "وشە" رای گەیاند،  بەداخەوە، كار كردنی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور زۆر  رژدە كە دەیانەوێت هەمواری بڕگەكانی دەستوور بكەنەوە، سێ ئەندامەكەی كورد داوای ئەوەمان كردووە بە هیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین بڕگە بە زۆرینە و كەمینە تێبپەرێندرێت، بەڵكو دەبێت بە سازان بێت.

لایەنی فەتح و عەسائیب سوورن بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی

جوان ئیحسان ئەویشی گوت، دەبێت لە نێوان كۆبوونەوەی ئەو لیژنە سێ بۆ چوار ڕۆژ نێوانیان هەبێت، چونكە ئەمە پێویستی بە لێكدانەوە و ورد كردنەوەی ماددەكان هەیە لەبەر ئەوەی دەستوورە و هەر مادەیەكی پێوەندی بە چارەنووس و مافی نەتەوەیەك هەیە.

"لایەنی فەتح و عەسائیب سوورن بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بە بیانووی ئەوەی سیستمی پەرلەمانی لە عێراق شكستی هێناوە." جوان ئیحسان وای گوت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەویشی خستەروو، مەترسیی زۆر رژد هەیە لەسەر مافەكانی گەلی كورد، لەكاتی هەموار كردنەوەی دەستووری عێراقدا، بۆیە پێویستە كورد ئامادەی هەموو ئەگەرێك بێت.

دوای ئەوەی خۆپێشاندان لە عێراق رووی دا، خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیان دەكرد، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا، لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دروست بكرێت



وشە - زریان تەها

ئه‌م بابه‌ته 13396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌