هێرشی مووشەکی كرایە سەر بنكەیەكی ئەمەریكا لە عێراق

:: AM:10:17:09/11/2019 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی عێراق ئاشكرای كرد، هێرشی مووشەكی كراوەتە سەر بنكەیەكی ئاسمانی عێراق لە باشووری پارێزگای نەینەوا كە هێزی ئەمەریكی لێیە.

هێرشەكە شەوی رابردوو ئەنجام دراوە و 17 مووشەكی جۆری هاوەن بەرەو ئەو بنكە سەربازییە هاوێشتراوە. دۆیچەوێلێ لە زاری ئاسۆشێتدپرێس بڵاوی كردەوە هێشتا هیچ ئامارێكی قوربانیانی ئەم هێرشە بڵاو نەكراوەتەوە.

دوو فەرمانبەری هێزی تەناهی كە پێیان باش نەبووە ناویان ئاشكرا بكرێت بۆ سەرچاوەكە ئاماژەیان بەوە كردووە كە مووشەكەكان لە مووسڵەوە هاوێشتراونەتە ئەو بنكە سەربازییەی 60 كیلۆمەتر لە شارەكە دوورە.

پێویستە بگوترێت لەو بنكە ئاسمانییە هێزەكانی ئەمەریكا هەن كە هاوكاری سوپای عێراق دەكەن بۆ لەناوبردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش.
هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە

هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە. بنكەی سەربازیی گەیارە یەكێك لەو بنكە سەربازییە گرنگانە بوو كە لە ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ رۆڵێكی گرنگی هەبوو و ئەمەریكییەكان لەو بنكەیەوە پاڵپشتیان لە سوپای عێراق كرد بۆ ئەوەی بتوانن پێشڕەوی بكەن.




وشە - سلێمان تاشان