نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:11:30:16/11/2019 ‌

نرخی نەوت لە دواین رۆژی هەفتە بازاڕی بۆرسە رووی لە بەرزبوونەوە كرد و بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخەكەی هەڵكشا.

لە رۆژی دووشەمەوە كە بازاڕەكە كرایەوە، نرخی ئەو بەرهەمە گرنگەی بواری پیشەسازی رووی لە دابەزین كرد و هەرچەندە رێژەی دابەزینەكە كەم بوو، بەڵام ئەم دۆخە تا كۆتایی هەفتە بەردەوام بوو.

بەگوێرەی ماڵپەڕی livechart لە دواین رۆژی هەفتەبازاڕەكە كە شەوی رابردوو داخرا، نرخی نەوت لە خوارووی 62 دۆلارەوە بۆ 63 دۆلار و 62 سەنت هەڵكشا. هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دەرەنجامی ئەو گفتوگۆیانە دەگەڕێتەوە كە لە نێوان ئەمەریكا و چین دەستی پێ كردووە.
ئەمەریكا و چین لەسەر هەندێك پێوەندی بازرگانی رێك دەكەون.

وەزیری بازرگانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە بە ئەگەرێكی زۆر ئەمەریكا و چین لەسەر هەندێك پێوەندی بازرگانی رێك دەكەون.

هاوكات محەمەد پاركیندۆ سكرتێری گشتی ئۆپێك، هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوە كردبوو كە لە ساڵی 2020 بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا سستر دەبێتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی تر داخوازی لەسەر كڕینی نەوت لە ساڵی داهاتوودا دادەبەزێت و ئەمەش كاریگەری بۆ سەر كەمكردنەوەی نرخی نەوت دەبێت.

بەپێی ئاماری ئۆپێك ساڵی داهاتوو تێكڕای داخوازی لەسەر نەوتی رێكخراوەكەیان 29 ملیۆن و 580 هەزار بەرمیل دەبێت كە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیلی كەمترە لە ساڵی 2019.

 بڕیارە لە پێنج و شەشی مانگی داهاتوو ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لە ڤیەننا كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی دواین بڕیار لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت بدەن. سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە رابردوودا كاریگەری زۆری هەبووە بۆ سەر بەرزكردنەوەی نرخەكەی.




وشە - سلێمان تاشان