ئەمەریكا بۆ لەناوبردنی تیرۆر شەش تریلیۆن دۆلاری خەرج كردووە

:: PM:01:54:16/11/2019 ‌

بەپێی نوێترین راپۆرتی ئەمەریكا لەسەر خەرجییەكانی جەنگی دژی تیرۆر، تا تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئەو وڵاتە پێنج تریلیۆن و 900 ملیار دۆلاری خەرج كردووە.

لەم راپۆرتە نوێیە خەرجی ئەمەریكا جگە لە لەناوبردنی تیرۆر، بۆ بواری دەرهاویشتەكانی تیرۆریش لەبەرچاو گیراوە. پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا تریلیۆنێك و 500 ملیار دۆلاری خەمڵاندبوو.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" راپۆرتەكە لەلایەن زانكۆی براون لە ویلایەتی رودئایلەندی ئەمەریكا بڵاو كراوەتەوە و هۆشداری ئەوەشی داوە ئەگەر ئەمەریكا لەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، ئەوا خەرجییەكانی زیاتر بەرز دەبێتەوە.

ئەمەریکا ئێستە لە 76 وڵاتی دنیا لە دژی تیرۆر دەجەنگێت
پێویستە بگوترێت ئەمەریكا لە دوای 11ی سێپتێمبەری ساڵی 2001، كە هێرشی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بۆ سەر دوو تاوەری بازرگانی لە نیویۆرك ئەنجام درا، جەنگ دژی تیرۆری راگەیاندووە و هەر ئێستە لە 76 وڵاتی دنیا لە دژی تیرۆر دەجەنگێت.

لە جەنگەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان و پاكستان سەرووی نیو ملیۆن كەس كوژراون. لەو ژمارەیە حەوت هەزار كەسیان ئەمەریكین. لە دوای قاعیدە، داعش لە مەترسیدارترین گرووپە تیرۆریستییەكان بووە كە ئەمەریكا رۆلی كاریگەری بینیوە لە لەناوبردنیان.




وشە - سلێمان تاشان