عێراق.. ململانێی ئەمەریكا و ئێران گەیشتووەتە خاڵی بردنەوە و دۆڕاندن

:: PM:09:16:07/12/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق پێیان نایە سێیەم مانگ و ژمارەی قوربانیان لەهەڵكشانە، شەوی رابردوو ساتێكی تری خۆێناوی بەسەر بەغدای پایەتەخت تێپەڕی كە لە ئەنجامی تەقەكردنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران 25 خۆپێشاندەر كوژران و 130 بریندار بوون، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ململانێی ئەمەریكا و ئێران لەسەر گۆڕەپانی عێراق گەیشتووەتە یاری سفڕ و چیتر سازش بە ئەنجامەكان ناكرێت، ئەوان لە بۆ بردنەوە و دۆڕان یاری دەكەن.
دۆخەكە لەبەرژەوەندی ئەمەریكا و لاوازبوونی ئێران كۆتایی دێت
قەحتان خەفاجی، مامۆمستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی نەهرێن دەڵێت، لێدوانەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەبارەت بە خۆپێشاندانەكان دوای ئەوە دێت كە ئاستی ململانێی نێوان واشنتن و تاران گەیشتە یاری سفڕ و لێرەش سازشكردن بە ئەنجامەكان ناكرێت، یان بردنەوە یان دۆڕاندن.

زیاتر گوتی، ئیدارەی ئەمەریكی وای بینی كە دەبوایە ئەو دەستوەردانەی ئێران لە كاروباری عێراق رووبدات وەك بەشێكی سەرەكی هەوڵەكانی بۆ ریگرتن لە دەسەڵات و كاریگەرییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە لە سەرەتای ئەو بزاوە ناڕەزایەتییەی لە عێراق سەری هەڵدا ئەمەریكا نەهاتە سەرخەت، چونكە دركی بەوە كرد كە ئەو هەنگاوە خزمەت بە ئێران دەكات، كاتێك تاران هەوڵی دا وای پێشان بدات بەوەی لە شەقامی عێراق دەگوزەرێت یارییەكی ئەمەریكی و بەعسییە، بۆیە چاوەڕوانی كرد تا هەموو دنیا بینیان كە جموجۆڵێكی تەواو نیشتیمانییە، ئەوكات ئەمەریكا دەستی بە جموجۆڵ كرد و هەڵوێستی خۆی بە روونی لە بەرانبەر سەرانی ئێران و عێراقییەكانی سەر ئێران راگەیاند.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی كرد، ئەو ئاراستە نوێیەی ئەمەریكا خزمەت بەخۆی دەكات و راستەوانە لەگەڵ بزاوی جەماوەری لە عێراق دەڕوات و ئەوەش ئاماژە بۆ هۆشیارییەكی بەرز و ورد دەكات لەلایەن ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی لە ناوچەكە، بۆیە ئەمەریكا لە وەرگرتنی رێوشوێنەكان لەدژی سەرانی سیاسی و حكوومەتی عێراقی بەردەوام دەبێت و ئەوەش لە كۆتاییەكەی لەبەرژەوەندی ئەمەریكا و لاوازبوونی ئێران كۆتایی دێت، هاوكات بزاوی ناڕەزایەتی جەماوەریش لە عێراق سوود لەو ململانێیەی ئەمەریكا و ئێران دەبینێت، بۆیە ئەو بزاوەی شەقام چاوەڕوانی یارمەتیدان ناكات، بەڵكو تەنیا سوود لەو ململانێیەی هەردوو وڵات وەردەگرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی. 

 ئەمڕۆ شەموو پۆمپیۆ لە تویتێك نووسیویەتی، لەو رۆژەی سزامان بەسەر چوار كەسی عێراقی سەپاند بەهۆی كردنە ئامانجی خۆپێشاندەران و دزینی سامانی گشتی لە عێراق، ئەو راپۆرتانە دەبینین باس لە ئەنجامدانی هێرشی توند دەكەن بۆ سەر خۆپێشاندەران. بۆیە پێویستە سەرانی عێراق و حكوومەتەكەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسان لەو هێرشانە بكەن و راوەدوویان بنێن.

دوێنێ هەینی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر چوار كەسایەتی عێراقی سەپاند كە سیانیان سەركردەی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانن، ئەوەش بە تۆمەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و كوشتنی خۆپێشاندەران و تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی. ئەوان بریتی بوون لە قەیس خزعەلی سەركردەی گرووپی عەسائیب و لەیس خزعەلی برای و حوسێن فالح بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی و خەمیس خەنجەر سیاسەتوانی سوننە.

لای خۆیەوە دێڤید شنكەر یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك هەڕەشەی سزادانی ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و فەرماندە سەربازییەكان كرد ئەگەر تێوەگلانیان لە پێشێلكاری لەدژی خۆپێشاندەران بێتە سەلماندن.  

د ئەحمەد شەریفی شارەزای سەربازی و ستراتیجی عێراقی لەبارەی دۆخی عێراقەوە دەڵێت، هاوكاتییەك لە نێوان رووداوەكانی عێراق لە خۆپێشاندانەكان و رێوشوێنەكانی ئەمەریكا پێوەست بە ستراتیجیەتی درێژخایەنی لەبارەی عێراقەوە هەیە، لەگەڵ پاشەكشەكردنی ئەمەریكا لە سووریا، بوونی خۆی لە عێراق زیاد كرد چ لەسەر ئاستی سیاسی یان سەربازی، بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژئاوا كە هێزەكانی لە سێ قۆڵەوە بەهێز كرد لە گەیارە و حەبانییە و عەین ئەسەد، و ئەو سێگۆشەی ئەو سێ ناوچەیە دروستی دەكەن دەكەوێتە رۆژئاوای عێراق كە بریتییە لە هێڵی گواستنەوەی نێوان ترێبیل و قائیم و نێوانی كەركووك و مووسڵ كە بریتین لە سەرچاوە و رێڕەوی وزە.

زیاتر گوتی، ئێستە ئەمەریكا خەریكی دۆزینەوەی شوێنگرەوەی حەشدی شەعبییە لە رۆژئاوای عێراق بەمەبەستی بڕینی هیڵی پاڵپشتی لۆجیستی لە نێوان ئێران و سووریا تا لبنان، مسۆگەری بوونی سەربازی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بۆیە لەو قۆناغەی ئێستە پێویست بە دەرچوونی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكە دەكات، بۆیە واشنتن بوونی سەربازی خۆی لە عەین ئەسەد بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی ناوچەكە زیاد كرد، بۆ مسۆگەری كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە و گوشارخستنە سەر گرووپە چەكدارەكان تا لە ناوچەكانی دەسەڵاتی ئەمەریكا دووربكەونەوە.     

خۆپێشاندانی عێراق دەچێتە سێیەم مانگ و تا ئێستە بەردوەوامە و چاوەڕوان دەكرێت وەك گوشارێك بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان خوێناویتر بن، دوێنێ بە ئاشكرا میلیشیاكان كە زیاتر حزبوڵا و عەسائیب و نوجەبا و بەدر تۆمەتبار دەكرێن، هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەران لە خلانی و سنەك و 25 خۆپێشاندەریان كوشت و 130یشیان بریندار كرد.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل