گه‌شتوگوزاری ڕه‌ش یه‌كێكه له جۆره‌كانی گه‌شتوگوزار له دنیادا، به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی شه‌ڕ و وێرانكاری و كاره‌ساتی مرۆیی و ژینگه‌ییان تێدا روو ده‌دات، هه‌رێمی كوردستانیش كه چه‌ندان داگیركاری و كاره‌ساتی مرۆیی به‌سه‌ر هاتووه، ئه‌م جۆره گه‌شتوگوزاره‌ی هه‌یه، به‌ڵام تا ئێسته سوودی لێ وه‌رنه‌گیراوه.
زیاتر له 12 جۆر گه‌شتوگوزار هه‌ن كه زۆر له‌وانه ناسراون و له كوردستانیشدا تا ئاستێك په‌ره به هه‌ندێكیان دراوه، به‌ڵام گه‌شتوگوزاری ره‌ش چ وه‌ك ناو و چ وه‌ك هه‌وڵدان بۆ راكێشانی گه‌شتیار بۆی، كه‌مێك نامۆ هاتووه‌ته به‌رچاو و كاری بۆ نه‌كراوه.
په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری ره‌ش، سوودی سیاسی و ئابووری بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه
عه‌بدولڕه‌زاق نهێلی شاره‌زای بواری گه‌شتوگوزار له پارێزگای دهۆك، بۆ "وشه"ی ئاشكرا كرد كه گه‌شتوگوزاری ڕه‌ش یه‌كێكه له جۆره‌كانی گه‌شتوگوزار و له هه‌موو وڵاتانی دنیادا هه‌یه، به‌تایبه‌تی له وڵاته دواكه‌وتوو و تازه گه‌شه‌كردووه‌كان.
به‌گوته‌ی ئه‌م شاره‌زایه، "گه‌شتوگوزاری ڕه‌ش به‌و ناوچه و وڵاتانه ده‌گوترێ كه چه‌ندان جۆر و شێوه‌ی كاره‌سات و وێرانكاری و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان تێدا تۆمار كراوه، هه‌رێمی كوردستان به‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی دنیا كه له‌لایه‌ن رژێمه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی عێراق و تیرۆریستان، چه‌ندان كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاتووه، چه‌ندان تراجیدیا و كاره‌سات و ئه‌فسانه‌ی تێدا تۆمار كراون و شوێنه‌واری هه‌موو كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژی و رووداوه‌كان ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ك پێویست سوود له‌و جۆره گه‌شتوگوزاره وه‌رنه‌گیراوه".
كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و قۆناغه‌كانی جینۆسایدی گه‌رمیان و بارزان و بادینان، هه‌موو پرۆسه‌كانی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و وێرانكاری گونده‌كان، تا ده‌گاته جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه، نموونه‌ی ئه‌و جۆره گه‌شتوگوزاره‌ن كه ده‌كرێ له رێی نۆژه‌نكردنه‌وه و دروستكردنی مۆنۆمێنت و مۆزه‌خانه‌ی پاشماوه‌كانی كاره‌سات و دروستكردنی شوێنی تایبه‌ت، وه‌به‌رهێنانی تێدا بكرێت و پێشانی نه‌وه‌ی نوێ و وڵاتانی دنیا بدرێت، جگه له ناساندنیان، ته‌نانه‌ت ببنه سه‌رچاوه‌ی داهات.
"بۆ نموونه كۆشكی سه‌دامی دیكتاتۆر له‌سه‌ر چیای گاره له ده‌ڤه‌ری ئامێدی، یه‌كێكه له‌و شوێنانه‌ی له كوردستان ساڵانه سه‌رووی 30 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و له‌ناوچوونی كۆشكه‌كه، گه‌شتیارانیش له پاشه‌كشێدان، به‌ڵام ناشزانن ئه‌وه جۆری گه‌شتوگوزاری ره‌شه" نهێلی وای گوت.
به‌پێی قسه‌ی نهێلی، ده‌كرێ له رێی گرووپه گه‌شتیارییه‌كان، گه‌شتیاری ناوخۆ و بیانی بۆ هه‌موو ئه‌و ناوچانه بگوازرێنه‌وه كه گه‌شتوگوزاری ره‌شیان تێدایه، هیچ نه‌بێ له رێی زانكۆ و سه‌نته‌ره رۆشنبیری و ناوه‌نده‌كانی تری خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده، ده‌یان لێكۆڵینه‌وه له‌و كاره‌ساتانه ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی به‌و جۆره گه‌شتوگوزاره بدرێت.
له پارێزگای دهۆك زیاتر له 10 شوێن هه‌ن كه ده‌كرێ وه‌ك گه‌شتوگوزاری ره‌ش سوودیان لێ وه‌ربگیرێت، له‌و رێیه‌وه داهاتێك ده‌سته‌به‌ر بێت و هه‌لی كاریش دابین بكرێت.
وشه/ دهۆك - نه‌وزاد هلوری