ژنێك لە كاتی خۆكوشتندا گیرا

:: AM:09:02:25/01/2020 ‌
لە شارۆكەی تەقتەقی سەر بە شارۆكەی كۆیە، ژنێك لە كاتی خۆكوشتندا پۆلیس دەگەنە سەری و ڕێ نادرێ خۆی بكوژێت.

ئەمڕۆ شەموو 25ـی كانوونی دووەم، هەرێم كاكەبرا هاووڵاتیی شارۆكەی تەقتەق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو ژنێك چووەتە سەر پردی تەقتەق بۆ ئەوەی خۆی فڕێ بداتە ناو ئاوەكە و خۆی بكوژێت، بەڵام پۆلیس رزگاری كرد.

ویستوویەتی خۆی هەڵبداتە ناو زێی بچووكەوە و كۆتا بەژیانی خۆی بهێنێت
ئەو هاووڵاتییە گوتی، ژنەكە ویستوویەتی خۆی هەڵبداتە ناو زێی بچووكەوە و كۆتا بەژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام رێگرییان لێ كرد و ڕزگاریان كرد.

باسی لەوەش كرد، پۆلیس توانیویانە ژنەكە بگرن، بەگوتەی پۆلیس ژنەكە هیچ سكاڵایەكی لە كەس نییە و تەنیا هەژاری بەهۆكاری هەوڵدان بۆ ئەو كارە دادەنێت، دواتر هاوسەری ژنەكە هاتووەتە بنكەی پۆلیسی تەقتەق و ژنەكەی بۆ ماڵەوە بردووەتەوە.

شارۆكەی تەقتەق دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و سەربە شارۆكەی كۆیەیە، دووریی لەگەڵ هەولێر 70 كیلۆمەترە و مێژووی دروستبوونی شارۆكەی كۆیە بۆ دوو هەزار و 500 ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە.



وشە - رامیار جەواد